بەمەبەستی سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران؛ رێپێوانێک بەرەو ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر
لە هەولێر بە مەبەستی سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران؛ ڕێپێوانێک لە رێگەی پیرمام بەرەو ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ شەممە، 27-01-2024، ئەندامانی لقی هەولێری دەزگای پاراستنی ئاڵای کوردستان بە مەبەستی سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، ڕێپێوانێکیان لە (ئەکوا تارین) لە رێگەی پیرمام بەرەو ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی ئەنجام دا.
هێڤا ساڵح، بەرپرسی لقی هەولێری دەزگای پاراستنی ئاڵای کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوان هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر "بە توندی" سەرکۆنە دەکەن و "هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".
بە گوتەی هێڤا ساڵح، ئەو لایەنانەی هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، "چاویان بەو پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان هەڵنایەت". جەختیشی کردەوە، "نە کیمیا بارانکردن و نە مووشەک بارانکردن و نە کۆمەڵکوژی، ئیرادەی گەلی کورد کەم ناکەنەوە".
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.
رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.
عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".