بەریتانیا پێشنیازێك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەخاتەڕوو

هاووڵاتییه‌كی فه‌ڵه‌ستینی / وێنه‌: AP
هاووڵاتییه‌كی فه‌ڵه‌ستینی / وێنه‌: AP

K24 - هەولێر:

دەیڤد كامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێشنیازێك بۆ كۆتایهێنان بە شەڕ دەخاتە بەردەم ئیسرائیل و فەڵەستین.

بەگوێرەی پێشنیازەكە، شەڕ رادەگیرێت و سەرجەم رفێندراوەكان ئازاد دەكرێن و ئیسرائیلیش دانبە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا دەنێت.

دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین كەرتی رۆژئاوا و غەززەش دەگرێتەوە. لەماوەی دوو ساڵدا هەڵبژاردن لە فەڵەستین بەڕێوەبچێت، پێویستە سەركردەكانی حەماس لەناویشیاندا یەحیا سینوار لە كەرتی غەززە دەربكرێن.

هێشتا روون نیە، وەڵامی ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ پێشنیازەكەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا چی بووە؟

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێشنیازەكەی لەگەڵ ئیسرائیل و فەڵەستین و میسر و ئوردن و وڵاتانی دیكە تاووتوێ كردووە.

لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 بارمتەش دەستبەسەرکران کە تاكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسه‌ر غەززە بۆ زیاتر لە 26 هەزار کوژراو بەرزبووەتەوە، هەروەها زیاتر لە 64 هەزار کەسیش بریندار بوونه‌.