چاڤی ریزەکانی بارسێلۆنا جێدێڵێت

چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا دوای شکستکە قورسەکەی بەرامبەر ڤیاریاڵ لە یاریگای خۆی رایگەیاند، کۆتایی ئەم وەرزە ریزەکانی یانەکەی جێدێڵێت.

بارسێلۆنا لە گەڕی 22ـی لالیگا لە یاریگای خۆی میوانداری ڤیاریاڵی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 3-5 دۆڕاند، ئەم دۆڕانە بووە هۆی ئەوەی راهێنەرەکەی بلاوگرانا ناچاربێت وازهێنانی خۆی، لە کۆتایی ئەم وەرزە راگەیەنێت.

لێدوانی چاڤی هێرناندێز دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ڤیاریاڵ " دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی یانەکەم دێنم، پێموایە کاتی ڕۆشتنە. ئەمشەو لەگەڵ دەستەی کارگێڕی و یانەکە قسەم کرد، لە 30ـی حوزەیرانی ئەمساڵ یانەکەی جێدێڵم. پێموایە ئەم وەرزە دەرفەتمان ماوە دەتوانین دەستکەوتی باشمان هەبێت. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بڕیارمدا لە کۆتایی وەرزدا بارسا جێبێڵم، بەڵام ئێستا بڕیارمدا ئەوە ڕابگەیەنم. ئەوە بڕیاری کۆتاییمە و ئەگەر ئەم وەرزە ناسناوی چامپیۆنزلیگیش بەدەست بێنین، من لەسەر بڕیارەکەم سوور دەبم و واز لە راهێنەرایەتی یانەکەم دێنم ''.

ئامارەکانی چاڤی دوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا:

122 یاری
76 بردنەوە
26 دۆڕان
20 بەرامبەربوون
2 ناسناو

دوای بڕیاری وازهێنان لە راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا لەلایەن چاڤی هێرناندێز، چەند راهێنەرێک هەن کە ناویان بەو یانەیەوە بەستراوەتەوە وەکو شوێنگرەوەی چاڤی، دیارترینیان جۆزێ مۆرینیۆ و یۆرگێن کلۆپ و هەروەها ئانتۆنیۆ کۆنتی.