تیروپشکی قۆناغی دووەمی جامی عێراق بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ یەک شەممە رێککەوتی 28/1/2024 تیروپشکی قۆناغی دووەمی جامی عێراق راکێشرا و چارەنوسی چوار یانەکەی هەرێمی کوردستان یەکلایی بووەوە.
بە ئامادەبوونی نوێنەرانی یانە بەشداربووەکانی قۆناغی دووەمی جامی عێراق، تیروپشکی ئەم قۆناغی راکێشرا، هەر یەک لە یانەکانی نەورۆز و پێشمەرگەی سلێمانی و زاخۆ و دهۆک لەم قۆناغە رکابەرەکانیان ناسی.
یانەی نەورۆز کە لە قۆناغی رابردوو توانی لە ئیتیساڵات بباتەوە، لەم قۆناغە رووبەڕووی یانەی قاسمی شاری بەغدا دەبێتەوە. هەردوو یانە جاری یەکەمە لە مێژووی جامی عێراق رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بەڵام پێشتر 4 یارییان لە خولی نایابی عێراق بەرامبەر یەکتری کردووە، لە 4 یارییەش هەر یانەیەک خاوەنی بردنەوەیە و لە دوو یاریش بەرامبەربوینە.
لە یارییەکی دیکەی قۆناغی دووەمی جامی عێراق، دووەم نوێنەری هەرێمی کوردستان یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، ئەو یانەیەش لەو قۆناغە رووبەڕووی یانەی نەفتی شاری بەغدا دەبێتەوە. هەردوو یانە بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. یانەکەی شاری سلێمانی پێشتر سێیەمجارە بەشداری جامی عێراق دەکات، باشترین ئەنجامیش لە دوو وەشانی پێشووی، گەیشتنی بۆ قۆناغی 32ـی جامەکە بووە.
لەلایەکی دیکەوە یانەی زاخۆش لە قۆناغی دووەمی جامی عێراق، رووبەڕووی یانەی عەفک بەشدار لە خولی نایابی عێراق دەبێتەوە. زاخۆ یاریی رابردوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی، توانی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە بەحری بباتەوە. یانەکەی دەلال سێزدەیەمینجارە بەشداری جامی عێراق دەکات، پێشتر باشترین ئەنجامی گەیشتنی بە قۆناغی پێشکۆتایی بووە.
یانەی دهۆکیش لەم قۆناغەی جامی عێراقەوە بەشداری دەکات و لەو قۆناغەش رووبەڕووی یانەی نەفتی میسان دەبێتەوە. هەردوو یانە پێشتر دووجاری دیکە لە جامی عێراق یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو دوو یارییەش دهۆک لە ئەنجامی دوو یاریی چوون و گەڕانەوە، توانیویەتی بە ئەنجامەکانی 6-3 لە رکابەرەکەی بباتەوە.