10 راهێنەر پاڵێوراون وەک شوێنگرەوەی چاڤی

یانەی بارسێلۆنا
یانەی بارسێلۆنا

دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێز رایگەیاند کۆتایی ئەم وەرزە، واز لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا دێنێت، سەرچاوەکان 10 راهێنەریان وەکو پاڵێوراو بۆ پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا دیاریکردووە.

ماڵپەری Goalـی جیهانی لە راپۆرتێکی تایبەتدا، باس لە پاڵێوراوانی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا، وەکو شوێنگرەوەی چاڤی هێرناندێز راهێنەری ئێستا ئەو یانەیە دەکات.

یۆرگێن کلۆپ
راهێنەرە ئەڵمانیەکە لە کۆتایی ئەم وەرزە ڕۆیشتنی لە لیڤەرپوول ڕاگەیاند، بێگومان یەکەم بژاردە دەبێت بۆ وەرزی داهاتوو وەکو شوێنگرەوەی چاڤی لە یانەی بارسێلۆنا، بەڵام پێدەچێت ئەو راهێنەرە پبۆ ماوەی ساڵێک پشوو بدات و هەندێک لە پیشەکەی دووربکەوێتەوە.

جۆزێ مۆرینیۆ
یانەی رۆمای ئیتاڵیا سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی خراپی ئەنجامەکانی جۆزێ مۆرینیۆی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە ئەزموونێکی گەورەی هەیە و زانیارییەکی زۆری لەسەر خولی ئیسپانی هەیە، وەک چۆن پێشتر ڕاهێنەری ریاڵ مەدرید، بەڵام ئەزموونەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ مانچستەر یونایتد و چێڵسی و تۆتنهام و ڕۆما بووەتە هۆی دەرکردنی، ئەمەش هاندەران و بەرپرسانی یانەکەی دوو دڵ کردووە.

تیاگۆ مۆتا
تیاگۆ مۆتا یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و راهێنەری ئێستای یانەی بۆلۆنیای ئیتاڵیا، یەکێکی دیکە لەو راهێنەرانایە کە  وەک شوێنگرەوەی جێگرەوەی چاڤی ناوی هاتووە، ئەو راهێنەرە یەکێکە لە کەسە دڵخوازەکانی دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی بلاوگرانا، هەروەها خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆناش ئەوی بەدڵە.

ڕافایل مارکێز
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەکان زۆر باس لەوە دەکەن رافایل مارکێز ڕاهێنەری تیپی دووەمی بارسێلۆنا وەرزی نوێ لە شوێنی چاڤی ببێتە راهێنەری تیپی یەکەمی یانەکە.
مارکێز پێشتر لە یەکێک لە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکاندا ڕایگەیاندبوو ئامادەیە پۆستی ڕاهێنەرایەتی تیپی یەکەم وەربگرێت، ئەگەر لاپۆرتا و کارگێری یانەکەی داوای لێبکەن، ئێستاش هەمان قسەکانی دووبارە کردووتەوە، دوای ئەوەی چاڤی بڕیاری ڕۆشتنی خۆی ڕاگەیاند.

مارسێلینۆ گارسیا
زۆرێک مارسێلینۆ گارسیای ئیسپانی ڕاهێنەری یانەی ڤیاڕیال، بۆ شوێنگرەوەی چاڤی لە بارسێلۆنا ناو دەبەن، ئەمیش دوای ئەوەی توانی لەگەڵ یانەکەی بارسێلۆنا لە یاریگای خۆی، تووشی یەکێک لە قورسترین دۆڕانەکانی مێژوو بکات، هەر ئەمەش وایکرد چاڤی وازهێنانی خۆی، لە کۆتایی ئەم وەرزە راگەیەنێت.

ڕۆبێرتۆ دێ زێربێ
ڕۆبێرتۆ دی زێربی راهێنەری ئیتاڵی یانەی برایتنی ئینگڵتەرا، ئەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی لەگەڵ یانەکەی لە پرێمەرلیگ پێشکەش کردووە، ئەو راهێنەرە بەهۆی بیرۆکە و پلانە جیاوازەکانی سەرنجی بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنای راکێشاوە.

چابی ئەلۆنسۆ
چابی ئەلۆنسۆ ڕاهێنەری ئیسپانی یانەی بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانیا، یەکێکە لە باشترین ڕاهێنەرەکانی ئەم وەرزە و تیپەکەی پێشەنگی بۆندزلیگای ئەڵمانیای گرتووە. بارسێلۆنا بۆ دەستنیشانکردنی ئەو راهێنەرە لاوە، دەبێت کێبڕکێی لەگەڵ یانەکانی ریاڵ مەدرید و لیڤەرپوول و بایرن میونشن بکات، بەڵام ئایا ئەلۆنسۆ ئەڵقەیەکی نوێ لە “زنجیرەی خیانەت” دەبێت؟

هانس فلیک
جوان لاپۆرتا پێشتر لە ساڵی 2021 هەوڵی گواستنەوەی هانسی فلیک ڕاهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشنی دابوو، بەڵام ڕاهێنەری ئەڵمانی لەو کاتەدا ئەو پێشنیارەی ڕەتکردەوە، هەروەها سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای گرتە ئەستۆ، کە بەم دواییە جێیهێشت، بۆیە دەنگۆیەک هەیە جارێکی دیکە کارگێری بارسا، هەوڵ بۆ رازیکردنی ئەو راهێنەرە ئەڵمانیە بداتەوە.

یواکیم لۆو
هەروەک چۆن پێشتر هانس فلیک داواکاری یانەی بارسێلۆنای رەتکردەوە، یواکیم لۆو ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش، لە ساڵی 2021 ئامادەنەبوو ببێتە راهێنەری بلاوگرانا، ئەو راهێنەرە ساڵانێکە راهێنەرایەتی نەکردووە و دەبێتە یەکێک لە بژاردەکانی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا.

فرانسیسکۆ فاریۆلی
فرانسیسکۆ فاریۆلی ئیتاڵی ڕاهێنەری یانەی نیسی فەرەنسا، یەکێکە لەو ناوانەی کە پاڵێوراون بۆ شوێنگرەوەی چاڤی، ئەگەر لاپۆرتا بڕیاریدا  یەکێک لە ڕاهێنەرە لاوەکان دیاری بکات، ئەو راهێنەرە ئیتاڵیە یەکێک لە بژاردە بەهێزەکان دەبێت، ئەو راهێنەرە لاوە پێشتر  وانەی بە ئەندامانی ئەکادیمیای بەناوبانگی “لا ماسیا” داوەتەوە.