شۆربایان فڕێدایە سەر تابلۆی مۆنالیزا
دوو چالاکوان کە داوای "مافی خۆراکی تەندروست و بەردەوام" دەکەن، شۆربایان فڕێدایە سەر تابلۆی مۆنالیزای لیۆناردۆ داڤینچی، کە لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا نمایشکراوە.
مۆزەخانەی “لۆڤەر” دەکەوێتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بووە شوێنی خۆپیشاندانێکی دیکەی ناڕەزایەتی تێیدا دوو چالاکوان شۆربایان فڕێدایە سەر تابلۆکەی مۆنالیزا، لە سەدەی 16دا لەلایەن لیۆناردۆ داڤینچی کێشراوە و لە مۆزەخانەکەدا نمایشکراوە.
چالاکوانان لەسەر تیشێرتەکانیان "کاردانەوەی خۆراک"یان نووسیوە و داوای "مافی خۆراکی تەندروست و بەردەوام"یان کردووە.
تابلۆکە هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە، چونکە بە شووشەی دژە فیشەک پارێزراوە.
لە راگەیەندراوێکی مۆزەخانەکەدا هاتووە: " ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2024، نزیکەی کاتژمێر 10ی بەیانی دوو چالاکوانی گروپی ژینگەپارێزی 'Riposte Alimentaire' شۆربایان لەسەر شووشە دژەفیشەکەکەی پارێزەری تابلۆی مۆنالیزا رشاندووە."
"تیمی ئاسایشی مۆزەخانەکە دەستبەجێ دەستوەردانیان کرد" و ئاماژەی بەوەشکردووە کە سکاڵا تۆماردەکەن.
شاکارەکەی لیۆناردۆ داڤینچی مۆنالیزا لە مۆزەخانەی لۆڤەر هەڵواسراوە و بەناوبانگترین تابلۆیە لە جیهاندا، ساڵانە ملیۆنەها کەس لە سەرانسەری جیهان سەردانی دەکەن.
ئەم تابلۆیە بەرزییەکەی کەمێک زیاترە لە 2.5 پێ و پانییەکەشی لە ژێر 2 پێدایە.
ئەمە یەکەم جار نییە رووداوی هاوشێوە بەسەر ئەم کارە هونەرییەدا دێت.
لە ساڵی 1911 لەلایەن کارمەندێکی مۆزەخانەی "لۆڤەرەوە" تابلۆکە دزرا، ئەمەش وایکرد مۆزەخانەکە رێوشوێنی پاراستنی دەوروبەری کارەکە بەهێزتر بکات، لەنێویاندا شووشەی دژە فیشەک.
لە ساڵی 2009 ژنێک بە تووڕەییەوە کوپێک سیرامیکی فڕێدایە سەر تابلۆکە، کوپەکەی شکاند بەڵام تابلۆکە هیچ زیانێکی پێ نەگەیشت.
پاشان لە ساڵی 2022دا چالاکوانێکی دیکە کێکێکی فڕێدایە سەر مێزەکە و داوای لە خەڵک کرد "بیر لە زەوی بکەنەوە".
لەم لینکە دەتوانی بینەری ڤیدیۆیەکە بیت..
View this post on Instagram