حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوە زیاد دەکات

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ پلانی حکوومەت ئەوەیە ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوەی وڵات زیاد بکات، هاوکات ئێستاش سێ وڵاتی دیکە نیازیان هەیە کۆنسوڵگەریی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا بڕیاردرا کاروبارەکانی فەرمانگە رێکبخرێنەوە و پەیکەری دامەزراوەکە فراوان بکرێت. هەروەها لە کاتێکدا پێشتر ژمارەیەکی کەم نێردەی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام لەو ماوەیەدا ژمارەکەیان زیادی کردووە.

گوتیشی، چەند بەڕێوەبەرایەتی و بەشێک کراونەتەوە، لەوانە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا. سەفین دزەیی ئاشکراشی کرد، بڕیاربوو ژمارەیەک نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان زیاد بکرێن، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دۆخی داراییەوە کارەکە دواکەوت، چونکە تەنانەت بەشێک لە نوێنەرایەتییەکان ماوەیەکی زۆر بوو بودجەیان بۆ تەرخان نەکرابوو. کردنەوەی نوێنەرایەتی پێویستی بە باڵەخانە و ستافی تەواو هەبوو و نەیانویست بۆ ماوەیەکی کورت بکەنەوە و دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی داراییەوە دایانبخەن، جەختیشی کردەوە کە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی لە وڵاتان زیاد بکات.

سەبارەت بە زیادبوونی نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا هەریەکە لە قەتەر و ئەرمەنستان کۆنسوڵگەریی خۆیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و سێ وڵاتی دیکەش ئێستا نیازیان هەیە کۆنسوڵگەریی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا بکات. راشیگەیاند، بەردەوام خواست و داواکاری بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی و کۆنسوڵگەریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006ـەوە دامەزراوە و تاوەکو ئێستا لە 14 وڵاتی جیهاندا نوێنەرایەتی هەیە.