مەسرور بارزانی و زەیدی جەخت لە ناردنی مووچە دەکەنەوە

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی لە بەغدا
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی لە بەغدا

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە و جەختیان لە گرەنتیکردنی بەردەوامیی مووچەی فەرمانبەران، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە، هاوکات بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی جەختی لە پەرۆشیی حکوومەتی فیدراڵی کردەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانیان دا بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2030 و 10 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 2032، بە جۆرێک بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی وڵات.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان. هاوکات بە توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان سەرکۆنە کرد و داوای پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و رێگریکردنیان لەو جۆرە پەلامارانە کرد.

نووسینگەی عەلی زەیدی روونیکردەوە، هەردوولا تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگیان کردووە. لەوانە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان بەپێی دەستوور و رێکخستنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی هەردوو حکوومەتدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردەوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق. هەروەها باسیان لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027 و پەلەکردن لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەناردەکردن و بەڕێوەبردنی سامانی وزە.

لە کۆتاییدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکان و بەکارهێنانی گفتوگۆ وەک بنەمایەک بۆ یەکلاییکردنەوەی سەرجەم دۆسیەکان، بۆ ئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بکات.