ئاوات شێخ جەناب: بۆ ناردنی 618 ملیار دینارەکە لەسەر هێڵین

K24 – هەولێر:
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رۆژانە لەگەڵ وەزیر و نوێنەرانمان بۆ چاودێریکردنی رێکارەکانی ناردنی 618 ملیارەکە لەسەر هێڵین، چاوەڕێش دەکەین لەم چەند رۆژەدا ئەنجامیان هەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (29ـی کانوونی دووەمی 2024) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی ناردنی مووچەی جێبەجێکردووە و داتا و زانیارییەکانی پێشکەشی حکومەتی فیدراڵی کردوون.
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجە گوتی: "لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هەمواردکردنەوەی یاسایی بودجە رێککەوتووین".
لەباری ناردنی 618 ملیار دینارەکەش، ناوبراو دەڵێت: "رۆژانە لەگەڵ وەزیر و نوێنەرانمان بۆ چاودێریکردنی رێکارەکانی ناردنی 618 ملیارەکە لەسەر هێڵین، چاوەڕێش دەکەین لەم چەند رۆژەدا ئەنجامیان هەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا، یاسای بودجە ستەمێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان کردووە و بۆ عێراقیش کێشەی درووستکردووە، بڕیاریشە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ هەموارەکە بۆ پەرلەمان بنێردرێت.
هەر ئەمڕۆ ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق داوای هەژمارێکی بانکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بخاتە سەر ئەو هەژمارەیە، لەوانەیە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا ئەو بڕە پارەیە بگاتە هەرێمی کوردستان".
رۆژی یەكشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر فشاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا بووە و وەزیری دارایی عێراقیش پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکە راگەیاندووە.
بە گوتەی سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، زۆر لایەن فشار لە ئەنجوومەنی وەزیران، خودی وەزیرەکان و دامودەزگا حکومییەکانی عێراق دەکەن تاوەکو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەبن.