نەتەوە یەکگرتووەکان داوای گەڕاندنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئاژانسی ئۆنروا دەکات

بارەگای ئاژانسی ئۆنروا - کەرتی غەززە
بارەگای ئاژانسی ئۆنروا - کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات پشتیوانییە داراییەکانیان بۆ ئاژانسی ئۆنروا بگەڕێننەوە، دەشڵێت؛ لێکۆڵینەوە دەکەن هەرکارمەندێکیان لە هاوکاریکردنی حەماس تێوەگلابێت دوور دەخرێتەوە.

ستێفن دوژاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سوورە لە سەر ئەوەی لێکۆڵینەوە لە کارمەندەکانی ئۆنروا بەخێرای بەڕێوەبچێت، هەر کارمەندێکیش لە هاوکاریکردنی حەماس تێوەگلابێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بەتاوانبار دەناسرێنرێت.

هەروەها ئامادەیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەربڕی، کە ئامادەن لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکان بەهاوبەشی لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە بکەن، کە خراوەتە پاڵ کارمەندانی ئۆنروا لە کەرتی غەززە.

دوژاریک دەڵێ؛ هەرچەندە ئێمە بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئۆنرواکراون زۆر دڵتەنگین، بەڵام داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان راگرتووە، هاوکاریی و پشتیوانییە داراییەکانیان بگەڕێننەوە، چونکە خەڵکانێکی زۆر لە غەززە رۆژانە پێویستییان هاوکارییە.

بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی تێوەگلانی کارمەندانی ئاژانسی ئۆنروا لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەر یەک لە ئەمەریکا، ئوسترالیا، کەنەدا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، هۆڵەندا، فینلەندا و ئەڵمانیا پشتیوانییە داراییەکانیان بۆ ئاژانسەکە راگرت.

دوای بڵاوبوونەوەی تۆمەتەکان، فلیب لازارینی، رێکخەری گشتی ئاژانسی ئۆنروا رایگەیاند، ساڵانە لیستی تەواوی کارمەندەکانی ئاژانسەکە خراوەتە بەردەم ئەو وڵاتانەی هاوکاریی پێشکەش دەکەن، بە ئیسرائیلیشەوە، بەڵام هیچ کات سەرنج و گومانیان لەسەر کارمەندەکان نەبووە.

هەر لە سەر دۆسیەی تێوەگلانی بەشێک لە کارمەندانی ئۆنروا لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل، هەینی رابردوو ئاژانسەکە گرێبەستی ژمارەیەک کارمەندی هەڵوەشاندەوە.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری پەنابەرانی فەڵەستنی ناسراو بە ئۆنروا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین لە ساڵی 1948 دامەزراوە، ئەرکی سەرەکی ئاژانسەکە هاوکاریکردنی فەڵەستینەکانە لە کەرتی غەززە و ئوردن و سووریا و لوبنان لە کەرتی پەروەردەیی و تەندروستی.