داعش بیرە نەوتێكی تەقاندەوە

K24 - ھەولێر

داعش لە رێگەی بۆمبی چێنراو بیرەنەوتێكی لە یەكێك لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووكی تەقاندەوە، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان بیرە نەوتەكە گڕی گرتووە و تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە.

بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24 چەكدارانی داعش لە رێگەی سێ بۆمبی چێنراو یەكێك لە بیرەكانی كێڵگەی نەوتی ئاڤانەی تەقاندوەتەوە، دوای تەقاندنەوەی بیرە نەوتیەكە گڕی گرتووە و تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر چەكدارانی داعش بە نارنجۆك ھێرشیان كردەسەر كێڵگەی نەوتی بای حەسەن و بیرە نەوتێكیان سووتاند.

بەگوتەی فەرماندە سەربازییەكان دوای ئەوەی داعش لە ھێرشەكانی بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە شكستی زۆری بەركەوت و سەركەوتوو نەبوو، لە ئێستادا ھەوڵدەدات ھێرش بكاتەسەر كێڵگە نەوتییەكان.