کوردستان24 زانیاری نوێ لەسەر کەوتنەخوارەوەی درۆنێك لە پردێ ئاشکرا دەکات

K24 – کەرکووک:
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، درۆنێک لە گوندی نەبیاوە لە سنووری شارەدێی پردی کەوتە خوارەوە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە درۆنەکە هی چاودێریکردن بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە (30ـی کانوونی دووەمی 2024) دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای کاتژمێر چواری عەسر درۆنێك لە گوندی نەبییاوە لە سنووری شارەدێی پردەی کەوتە خوارەوە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش درۆنەکە هی چاودێریکردن بووە، هاوکات لایەنە ئەمنییەکان بە تایبەتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک و پۆلیسی کەرکووك تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە رانەگەیاندووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی خەڵکی گوندەکە کە بە پەیامنێری کوردستان24ـیان راگەیاندووە، ئەم درۆنە ماوەیەک بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە، دواتر پێش ئەوەی بکەوێتە خوارەوە بەشێکی درۆنەکە سووتاوە، کە پێشبینی دەکرێت تێکشکێندرابێت.
دیلان بارزان ئاماژەی بەوەدا، کەوتەنخوارەوەی درۆنەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، چونکە ئەو ناوچەیەی کە لێی کەوتووەتە خوارەوە زەوییەکی کشتوکاڵی بووە، هاوکات تا ئێستا هیچ وڵات و گرووپێکیش بەرپرسیارەتی هەڵدانی ئەو درۆنەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.