ئاگر لە باڵەخانەی دوو قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کەوتەوە

دیمەنی دوای ئاگرکەوتنەکە
دیمەنی دوای ئاگرکەوتنەکە

K24 - کەرکووک

ئاگر لە باڵەخانەی دوو قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کەوتەوە؛ "رووداوەکە تەنها زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە".

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-01-2024، ئاگر لە باڵەخانەی دوو قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە گەڕەکی حەی عەسکەری کەرکووک بە ناوەکانی (ناوەندی ڕاستی و رێبازی سەرەتایی) کەوتەوە.

کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگرەکە لە بەشی کارگێڕی باڵەخانەکە کەوتبووەوە و رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنها زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە.

ئاگرەکە دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. کامەران عەلی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەکە دیار نییە و، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ کۆتا رۆژی تاقیکردنەوەکانی نیوەی یەکەمی پۆلە ناکۆتاکانی خوێندنی کوردی بوو لە پارێزگای کەرکووک.