مەسعود پزیشکیان: کۆتایی بە دۆخی 'نە جەنگ و نە ئاشتی' دەهێنین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی 72ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمپانیای پیشەسازیی شیری ئێران رایگەیاند، دەبێت دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی" کۆتایی پێبهێنرێت.

سەرۆککۆماری ئێران لە رێوڕەسمەکەدا روونیکردەوە، بە فەرمانی موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، کار بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە دەکەن. گوتیشی "دەتوانین بە سەربەرزییەوە گفتوگۆ بکەین و بابەتەکە کۆتایی پێبهێنین. ئێمە خاوەن لۆژیکین و باوەڕمان بە گفتوگۆ و دانوستان هەیە، ئەگەر بتوانین مافی خۆمان بە گفتوگۆ بەدەستبهێنین، خۆتێوەگلاندن لە جەنگ بە پێویست نازانین، بەڵام لە بەرامبەر زۆر و زەبەلاحیدا تەسلیم نابین".

پزیشکیان جەختیکردەوە، لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە خوازیاری گفتوگۆن لەسەر بنەمای دادپەروەری و لە دۆخی یەکساندا، بەڵام ناچنە ژێر باری زۆرەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆیی و ئابووریی وڵات، سەرۆککۆماری ئێران گوتی "ناتوانم قبووڵ بکەم کەسێک لە وڵاتدا بە برسییەتی شەو بخەوێت یان خێزانێک بۆ دابینکردنی دەرمان لە تەنگانەدا بێت. ئەگەر ئەمڕۆ لەگەڵ کێشەکان رووبەڕووین، هۆکارەکەی کردەوەی خۆمانە و دەبێت چاکی بکەین".

سەبارەت بە پێویستیی بەڕێوەبردنی بەکاربردنی وزە وەک بەنزین، کارەبا و گاز، پزیشکیان روونیکردەوە، هەمووان بەرپرسن لە دابینکردنی بژێویی خەڵک و پێویستە بە پاشەکەوتکردن رێگە نەدەن چرخی بەرهەمهێنان بوەستێت. لەو بارەیەوە گوتیشی: "بڕیارمداوە نووسینگەی کارەکەم بگوازمەوە بۆ ژوورێکی بچووکتر تا لە بەکاربردنی وزەدا پاشەکەوت بکرێت. دەتوانین لە وەرزی سەرمادا بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سیستەمەکانی گەرمکەرەوە و لەبەرکردنی جلی زیاتر، یارمەتیی پاشەکەوتکردن بدەین".

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران جەختیکردەوە، بەڕێوەبردنی پیشەسازییە بەرهەمهێنەرەکان دەبێت لە دەوڵەتیبوون دەرباز بکرێت و پێویستە لە رێگەی داهێنان و هاندانی کارمەندانەوە بەرهەمهێنان لە وڵاتدا زیاد بکرێت، چونکە گەشەپێدانی بەردەوام بەبێ لەبەرچاوگرتنی داهاتوو و پاراستنی سەرچاوەکان بەدی نایەت.