سبەی دەم پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵەوە بڕیاردەدات

دەم پارتی و باشاک دەمیرتاش
دەم پارتی و باشاک دەمیرتاش

K24 – هەولێر:

سبەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندیی دەم پارتی لەسەر ستراتیژی ئیستانبوڵ و کاندیدبوونی باشاک دەمیرتاش کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی راپرسییەکیش زۆرینەی دەنگدەرانی دەم پارتی داوادەکەن پارتەکەیان بە کاندیدی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکات.

رۆژی هەینی (2ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، سبەی شەممە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندیی پارتەکەیان کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات و بڕیارە بابەتی کاندیدبوونی باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی بەندکراوی هەدەپە و ستراتیژی دەم پارتی لە ئیستانبوڵ تاوتوێ بکرێت.

گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئیستانبوڵ بۆ دەم پارتی زۆر گرنگە بۆیە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

وابڕیارە ئەنجوومەنی ناوەندیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆببێتەوە و ئەوانیش ناوی کۆتا کاندیدانیان رابگەیەنن کە پێشتر رێککەوتن کرابوو لەگەڵ دەم پارتی لە هەندێک ناوچە پاڵپشتی یەکتر بکەن بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی دەم پارتی لەسەر ئیستانبوڵ یەکلایی نەبووەتەوە.

پێشتریش گوتەبێژی دەم پارتی لە دیمانەیەکی تایبەتدا وەڵامی دەنگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ جەهەپە دایەوە و رەتیکردەوە لەبەرامبەر پشتگیریکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کاندیدی ئەو پارتە لە ئیستانبوڵ، داوای شارەوانی سێ شارۆچکەیان کردبێت کە بریتین لە ئەسەنیورت و ئادالار لە ئیستانبوڵ و شارۆچکەی ئاکدەنیز لە مێرسین.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار، هەڵوێستی کورد بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ یەکلاکەرەوە دەبێت، بۆیە دانوستانەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لەگەڵ پارتە کوردییەکان و لە سەرووشیانەوە دەم پارتی بەردەوامە.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە ئەوکات لەرێگەی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کردبوو، بەهۆی نەبوونی کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووبووەوە. تەنانەت دەنگەکانیشی بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکە کەمی کرد و دەرئەنجامی راپرسییەکە دەریدەخات کە کورد بە گشتی لەگەڵ ئەوەیە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاندیدی خۆی هەبێت.

بەگوێرەی کۆتا راپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوێست، کە لەگەڵ 1002 دەنگدەری کورد لە ئیستانبوڵ کردوویەتی کە پێشتر دەنگیان بە پارتی چەپی سەوز داوە، لە 69.6%ـی دەنگدەران دەڵێن پێویستە دەم پارتی کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەبێت، هاوکات لە 25.5%ـیشی لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین، لە 3.9%ـیش هیچ بۆچوونێکیان دەرنەبڕیوە.

لەراپرسییەکەدا پرسیاری ئەوە کراوە کە کێ بە شیاو دەزانن بۆ ئەوەی دەم پارتی لە ئیستانبوڵ کاندیدی بکات، لە ئەنجامدا لە 34.3% لەگەڵ ئەوەن باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش کاندید بکرێت، لە 26.5%ـیان لەگەڵ سرری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و لە 6.9%ـیشی لەگەڵ ئەوەدان عوسمان بایدەمیر کاندید بکرێت.

بەگوێرەی ئامارەکان، سێ بۆ چوار ملیۆن کورد لە ئیستانبوڵ دەژین، سەرەڕای ویستی دەنگدەرانی کورد و ئەو رەخنانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو بەهۆی نەبوونی کاندید ئاراستەی کرابوون، دانوستانەکانی دەم پارتی لەگەڵ ئاکپارتی و جەهەپە لەپێناو بەدەستهێنانی چەند شارۆچکەیەک و لە بەرامبەر پشتگیریکردنی کاندیدانی دیکە بەردەوامە، چاوەڕێ دەکرێت رۆژی 3ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندیی دەم پارتی، ئەم پرسە یەکلایی ببێتەوە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.