فالح فەیاز: پێویستە خاکی عێراق لەهێزی بیانی پاکبکرێتەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، نابێت رێگەبدرێت خوێنی رۆڵەکانی عێراق ببنە کەرەستەیەکی سیاسی هەرزان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەبارەت بەهێرشەکانی ئەمەریکا بۆسەر گروپەچەکدارەکان لەعێراق و سووریا پەیامێکی بڵاوکردەوە، تیایدا باس لەوە دەکات، نابێت رێگەبدرێت خوێنی رۆڵەکانی عێراق ببنە کەرەستەیەکی سیاسی هەرزان.
دەشڵێت، هێرشەکانی ئەمەریکا راستەوخۆ بۆسەر بارەگاکانی حەشد بوون. بۆیە پێویستە خاکی عێراق لەهێزی بیانی پاکبکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق مافی هەیە هەموو رێکارێک بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر عێراق بگرێتەبەر و بەهەموو شێوەیەک سەرکۆنەی بکات.
مالیکی گووتیشی، پێویستە هەموولایەک دژی ئەو دەستدرێژیانە هەڵوێستی نیشتیمانی رابگەیەنن.
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەهێرشەکانی ئەمەریکا بۆسەر بارەگای گروپەچەکداران لەعێراق و سووریا پێکهێناوە.
رۆژی شەممە، 3ـی شوباتی 2024، کۆشکی سپی و پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایانگەیاند، هۆشدارییان داوە تۆلە لە تۆماتبارەکان دەکەنەوە، بە پلەی یەکەم میلیشیای کەتایب حزبوڵڵای سەر بە ئێران، کە هێرشەکان "چەند هێندە" دەبێت و بۆ چەندین رۆژ بەردەوام دەبێت، هەروەک چۆن ئەم هێرشەی کرا، بووە هۆی سەرسوڕمان لە مەودا و قەبارەدا.
بەگوێرەی ئاماری فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، 85 ئامانج لە حەوت دامەزراوە، چوار لە سووریا و سێ لە عێراق، بە زیاتر لە 125 تەقەمەنی ورد، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی دوور مەودای B1 کە لە خاکی ئەمەریکاوە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمەریکا کراونەتە ئامانج.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە کە ئەمەریکا تۆڵە بکاتەوە و ئامانجەکان ئەو دامەزراوانەن کە لەلایەن فەیلەقی پاسدارانی ئیسلامی ئێران و "میلیشیاکانی سەر بە ئێران" بەکاردەهێنرێن، ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەوە تەنیا سەرەتایەکە". وەڵامدانەوەی تەواو بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی تاوەر 22 "لە کات و ئەو شوێنانەی ئێمە دەمانەوێت بەردەوام دەبێت."
لای خۆیەوە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند، پێکانی ئامانجەکان 30 خولەکی خایاندووە.