دابەشبوونی ئۆپۆزیسیۆن لە ئیستانبوڵ کاندیدی ئاکپارتی لە سەرکەوتن نزیک دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان و زۆرترین قسە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئیستانبوڵە، ئایا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەتوانێت بۆ جارێکی دیکە وەک سەرۆک شارەوانی بەردەوام بێت یاخود بەهۆی هەڵوێستی دەم پارتییەوە دەرگای بەردەم موراد کوروم، کاندیدەکەی ئاکپارتی بۆ ئیستانبوڵ دەکرێتەوە.
زیادبوونی کاندیدی پارتە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستانبوڵ فەرشی سوور بۆ کاندیدەکەی ئاکپارتی رادەخات و بەختی کاندیدەکەی جەهەپەش بەرەو هەڵدێر دەبات، بەڵام ئەمە تەنیا لێکدانەوە و شیکاری ئەنجامەکانی پێشووە و تا 1ـی نیسانی 2024، وەڵامی ئەم پرسیارە بە نەزاندراوی دەمێنێتەوە.
لە ئیستانبوڵ دوو پارتی سیاسی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵن، بە پلە یەک پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و پارتی یەنیدەن رەفا، تا ئێستا پشتگیری ئەو دوو لایەنە بۆ کاندیدانی ئاکپارتی و جەهەپە نیشانەی پرسیاریان دروست دەکرد بەڵام هەردوولا بڕیاریاندا کە لە هەڵبژاردنەکاندا کاندیدی خۆیان هەبێت.
لە ئیستانبوڵ 11 ملیۆن و 350 هەزار و 971 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لایەنە سیاسییەکان جگەلە ئاکپارتی و مەهەپە کە وەک هاوپەیمانی دەسەڵات ناسراون، سەرجەم لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بەشێوەی سەربەخۆ چوونەتە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە.
هەڵبژاردنی ساڵی 2019 ئاکپارتی لەگەڵ مەهەپە، هەروەها جەهەپەش لەگەڵ ئیی پارتی بەشدارییان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن کردبوو، هەدەپەی ئەوکات لە دەرەوەی هاوپەیمانیەتییەکە پاڵپشتی لە کاندیدەکەی جەهەپە دەکرد. لە ئەنجامدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدەکەی جەهەپە لە 31ـی ئاداری ئەو ساڵە، بە جیاوازی 13 هەزار و 729 دەنگ بەسەر بیناڵی یڵدرم، کاندیدی ئاکپارتی سەرکەوت.
بەڵام ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە رەتکرایەوە و لە 24ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ ئیمامئۆغڵو بە جیاوازی 806415 دەنگ جارێکی دیکە سەرکەوت. واتە دەنگی جەهەپە و ئیی پارتی و هەدەپەی ئەوکات لەگەڵ دەنگی ئاکپارتی و مەهەپە و هاوپەیمانەکانی لەیەک نزیکن.
رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن و تا 9ـی ئەم مانگە کاندیدی ئیستانبوڵ و سەرجەم ئەو شارەوانییانەی کە ناویان رانەگەیەندراوە، ئاشکرا بکەن.
هەروەها لە (3ـی شوباتی 2024) فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن رەفا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئاکپارتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، بۆیە بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئزمیر بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن.
پێشتریش موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بوو، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەنگی بە پڕۆژەیاسای بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ داوە و لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) نزیکبووەتەوە، بۆیە بریاریانداوە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئەو پارتە نەبەستن و بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن.
ئەوەی دەم پارتی و یەنیدەن رەفا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە گرنگیی پێدەبەخشێت ئەو دەنگانەیە کە لە رابردوو بەدەستیان هێناوە. لەهەڵبژاردنی ساڵی 2023ـدا، نۆ ملیۆن و 998 هەزار و 854 کەس لە ئیستانبوڵ دەنگیان دابوو. لەو هەڵبژاردنەدا، دەم پارتی لە ئیستانبوڵ لە 8.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو کە دەکاتە زیاتر لە 817 هەزار دەنگ. هاوکات یەنیدەن رەفا لە 3.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو کە دەکاتە زیاتر لە 319 هەزار دەنگ.
ئەوەی روونە ئەوەیە، دەم پارتی دەنگێکی زۆر زیاتری لە جەهەپە بردووە بەراورد بە یەنیدەن رەفا و ئاکپارتی، ئەم هاوکێشەیە پێمان دەڵێت، ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری ئەمساڵ، بەرامبەر موراد کوروم ـی کاندیدەکەی ئاکپارتی زیاتر لە شکست نزیکە.
رۆژی (30ـی کانوونی دووەمی 2024) لە رێورەسمێکی تایبەتدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بەیاننامەی پارتەکەی لەژێر ناوی "شارەوانیی راستەقینە" راگەیاند کە لە هەشت تەوەر و 200 لاپەڕە پێکهاتووە و ئاماژەی بەوەکرد: "ئامانجمان رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی ئەو شارەوانییانەیە کە لەدەستی ئۆپۆزیسیۆن دان و لە خزمەتکردن بێبەشن".
هەردوو پاتی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە تورکیا بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024ـیش پێکەوە بەشداری بکەن و بەگوێرەی ئەو نەخشەرێگەیەی پێشتر رایانگەیاندووە، ئاکپارتی لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانەکەیەتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 کە هەردوو شارەوانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرەی بەرامبەر جەهەپە دۆڕاند.
ئاکپارتی و مەهەپە لە 30 شارەوانیدا هاوکاری یەکتر دەکەن و رێککەوتوون کە ئاکپارتی لە 28 شارەوانی گەورەدا کاندیدی هەبێت و مەهەپە بۆ دوو شارەوانی گەورە کاندیدی هەبێت کە بریتین لە شارەوانییەکانی مێرسین و مانیسا. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 29 شارەوانی پێکەوە بەشداردەبن و لە 22 شارەوانیشدا بە خۆیان بەشدار دەبن.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.