شاهۆ قەرەداغی: هاوپەیمانیەتییەکی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی میلیشیاکان پێویستە

K24 – هەولێر:
توێژەرێکی سیاسی کاریگەری گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەری عێراق بە نەرێنی وەسفدەکات و ئاماژە بەوەشدەکات، هاوشێوەی هاوپەیمانیەتییەکی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی میلیشیاکان لە عێراق پێویستە.
رۆژی (5ـی شوباتی 2024) شاهۆ قەرەداغی، توێژەری سیاسی بۆ کوردستان24 باسی لەوەکرد، لە عێراق دەوڵەت تەنیا بە دروشم خاوەنی دەسەڵاتە بەسەر هەموو هێزەکان، کەچی زیاتر لە 80 ملیشیا هەیە کە وەلائیان بۆ ئێران هەیە و ئەمەریکاش ئەوان دەکاتە ئامانج.
شاهۆ قەرەداغی گوتیشی، میلیشیاکان لە عێراق تەنیا چالاکی سەربازییان نییە بەڵکو چوونەتە نێو جومگەکانی دەسەڵات و دەستیان بەسەر ئابووری و بەرژەوەندی گشتیدا گرتووە.
هاوکات روونیکردەوە، عێراق بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ناردنی پەیام لەلایەن ئەمەریکا و ئێرانەوە بۆ یەکتری و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیش عێراقیان کردووەتە شوێنی سەرچاوەی بەدەستهێنانی پارە.
لەبارەی هێزی ئەو گرووپانە، شاهۆ قەرەداغی دەڵێت، ئەوان دەوڵەتێکن لەنێو دەوڵەت چونکە گرووپە چەکدارەکان لەرێگەی چوونە نێو پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دەیانەوێت شەرعییەت بە چالاکییەکانیان بدەن لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکان بە پارە و چەکی دەوڵەت بەشدارییان کردووە بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەران.
هەروەها قەرەداغی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، کە گرووپە چەکدارییەکانی عێراق دەیانەوێت نموونەی حزبووڵڵای لوبنانی دووبارە بکەنەوە کە خاوەن بڕیاربن و لە دەوڵەت بەهێزتربن، ئێستاش ئاشکرایە کە حکومەتی عێراقیش ناتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە، هەرچەندە چەندین جارە هێرشەکانیان بە تیرۆریستی وەسفدەکات بەڵام ناتوانێت رایانبگرێت.
ئەو توێژەرە سیاسییە جەختیکردەوە، هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان لەسەر ئاییندەی عێراق کاریگەری لەسەر ناوچەکەش دەبێت و هاوپەیمانیەتییەکی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی میلیشیاکان لەسەر عێراق پێویستە وەک ئەوەی بۆ داعش هەبوو.
لەبارەی تواناکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا، شاهۆ قەرەداغی گوتی، عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکای نییە و لە ماوەی رابردوو بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر چەند بانکێک بووە هۆی دابەزینی بەهای دینار.