بەگوێرەی راپرسییەک لە ئیستانبوڵ ئاکپارتی لە پێشەوەی جەهەپەیە

K24 – هەولێر:
بەگوێرەی راپرسییەک بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستانبوڵ، ئاکپارتی لە پێشەوەی جەهەپەیە بەڵام لەسەر ئاستی کاندیدەکان بە جیاوازییەکی کەم ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەپێش موراد کورومەوە دێت.
لەلایەن خۆیەوە، پەرلەمانتارێکی کوردی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەگەر دەم پارتی باشاک دەمیرتاش لە ئیستانبوڵ کاندید بکات، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو شکست دێنێت.
غالب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە دیاربەکر رایگەیاند، ئەگەر پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش لە ئیستانبوڵ کاندید بکات، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئێستا و کاندیدی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان شکست دێنێت و موراد کوروم، کاندیدی ئاکپارتی بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ سەردەکەوێت.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی گوتیشی، دەم پارتی 30 شارەوانیی لە جەهەپە دەوێت، بە پێچەوانەوە باشاک دەمیرتاش کاندید دەکات و نایەڵێت جەهەپە ئەمجارەیان لە ئیستانبوڵ سەرکەوێت.
رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن و تا 9ـی ئەم مانگە کاندیدی ئیستانبوڵ و سەرجەم ئەو شارەوانییانەی کە ناویان رانەگەیەندراوە، ئاشکرا بکەن.
بەگوێرەی نوێترین راپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆپتیمار کە لەلایەن رۆژنامەوانی دیاری تورکیا عەبدولقادر سەلڤی بڵاوکراوەتەوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو 1.4 خاڵ لەبەردەم موراد کوروم دایە، بەشێوەیەک 39.1%ـی بەشداربووان دەڵێن دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەدەن، لە 37.7%ـیش رەتیدەکەنەوە و دەنگ بە موراد کوروم دەدەن.
جیا لەوەش 48.8%ـی بەشداربووان دەڵێن، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە ئاکپارتی دەدەن، لە بەرامبەردا ئەوانەی دەنگ بە جەهەپە دەدەن رێژەکەیان 44.8%ـە.
هەر لەو راپرسییەدا، دانیشتووانی ئیستانبوڵ پێیان وایە کێشەی قەرەباڵغی رێگاکان گەورەترین کێشەی ئیستانبوڵە.