عەبدولقادر دەخیل: دەمانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەوتنی نەینەوا بگوازینەوە

عەبدولقادر، پارێزگاری نەینەوا
عەبدولقادر، پارێزگاری نەینەوا

K24 – هەولێر:

پارێزگاری نەینەوا، رایدەگەیەنێت، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال زۆرێک لە کێشەکانی ئەو قەزایە چارەسەر دەکات. هاوکات دەشڵێت: دەمانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەوتنی نەینەوا بگوازینەوە.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، رێککەوتنی سیاسی بۆ پۆستەکان لە دوای 2003ـەوە لە عێراق بووەتە عورف، هاوکات هەڵبژاردنی من بە پارێزگار بە کۆی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بووە.

پارێزگاری نەینەوا، ئاماژەی بەوەدا، دوای پڕۆسەی ئازادی لە نەینەوا کۆمەڵێک کارنامەی حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەبووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەینەوا، هەروەها ئێستا لە نەینەوا خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدان و کار بۆ ناوچەکانی دیکەش دەکەرێت وەک تەلەعفەر و شنگال، کارنامەکەی ئێمە گشتگیرە لەگەڵ خواستی خەڵکی یەک دەگرێتەوە.

عەبدولقادر دەخیل دەڵێت: نەینەوا موڵکی کەس نییە و بەڵکو عێراقێکی بچووکراوەیە و فرەپێکهاتەیە، ئەم فرە پێکهاتەیەش وایکردووە بڕیاری دروست بدەین بۆ ئەوەی خزمەت بە پارێزگاکە بکەین و پڕۆژەکانی پەرەپێدان زیاتر بکەین.

پارێزگاری نەینەوا، گوتیشی: ئێمە بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەینەوا و پێشکەوتنی پارێزگاکە ئەزموونی هەرێمی کوردستانمان پێویستە.

لەبارەی دۆخی شنگال، عەبدولقادر دەخیل، ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی کردەوەکانی داعشەوە تا ئێستا ئێزیدیەکان لە کەمپەکانی ئاوەرەکاندا دەژین، "بۆیە لەسەر ئەمە پێویستە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال، کە نەخشە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگال و بەرقەراربوونی سەقامگیریە لەو قەزایە".

دەشڵێت: "ئێمە وەک حکومەتی خۆجێی لە نەینەوا پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال دەکەین، ئەگەر سەقامگیری لە شنگال نەبێت ئەوا تەواوی پارێزگای نەینەوا سەقامگیر نابێت".

پارێزگاری نەینەوا، گوتیشی: ئەو گرووپانەی کە لە قەزای شنگالدا هەن، هەندێکیان لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن، دۆسیەی شنگال بەلای ئێمە زۆر گرنگە، بۆیە بە جددی کاری لەسەر دەکەین.

عەبدولقادر دەخیل، باسی لەوەشکرد، سەرەتا دەبێت قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال دابندرێت، ئەمەش هەنگاوێکی دەستپێک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کە پەیوەستن بە شنگال.

پارێزگاری نەینەوا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، دۆخی نەینەوا لەبەردەم ئاستەنگی زۆردایە، زۆریك لە کەتیبەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکە بڵاوپێکراون.

هاوکات روونیکردەوە، دۆسیەی ئەمنی پارێزگای نەینەوا رادەستی پۆلیسی فیدراڵی دەکرێت، لە ئێستادا دۆسیەی ئەمنی هەندێک لە پارێزگاکانی رادەستی پۆلیس کراوە، بەم زووانەش هی نەینەوا دەستپیدەکات.

رێککەوتننامەی شنگال

رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژووکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.

رێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد.

وەکو ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، دوای سێ ساڵ لە واژووکردنی رێککەوتنی شنگال، "بەداخەوە هیچ هەنگاوێک نەچووینەتە پێش؛ ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە ئاوارە و خوشک و برایانی ئێزدی نەتوانن بگەڕێنەوە شنگال، لەبەر ئەوەی وەکو پێویست خزمەتگوزاری، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەیان نییە".

رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە؛ بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەمیشە داوامانکردووە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکاربووە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی عێراقیش خەڵکانێک هەنە، رێگرن لەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت".

Fly Erbil Advertisment