برایەتی لەپێناو 2 داواكاری بایكۆتی راهێنانەكانیان كرد
یاریزانانی یانەی برایەتی بایكۆتی مەشقەكانی ئەمڕۆیان كرد و ئامادەنین بگەڕێنەوە راهێنانەكان تاوەكو داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكەن.
یانەی برایەتی لە دوو یاریی رابردووی خولی نایابی كوردستان سەركەوتنی تۆمار نەكردووە و بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت و یاریزانەكانیش 52 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
یاریزانانی برایەتی بایكۆتی مەشقەكانی ئەمڕۆ چوارشەممەیان كردووە و 2 داواكارییان پێشكەشی دەستەی كارگێری یانەكەیان كردووە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی تایبەت بە كوردستان24، یاریزانانی برایەتی ئامادەنین بگەڕێنەوە مەشقەكان تاوەكو ئەو 2 داواكارییەیان بۆ جێبەجێ نەكەن.
یەكەمیان: وەرگرتنی مووچەكانیان كە 52 رۆژە وەریانەگرتووە.
دووەمیان: پێدانی بەشی دووەمی شایستەداراییەكان كە دەبووایە لە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی خولی نایابی كوردستان وەریبگرن.
یاریزانانی برایەتی ئامادەنین دەست بە راهێنانەكان بكەن و ئامادەكاری بۆ یاریی داهاتوویان بكەن تاوەكو مافەكانیان وەرنەگرن.
لە گەڕی نۆزدەیەمی خولی نایابی كوردستان برایەتی رۆژی یەكشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی سەیدسادق دەبێتەوە، برایەتی ئەم وەرزە لە كۆی 18 یاری، 5 بردنەوە و 6 دۆڕانی هەیە بە كۆكردنەوەی 22 خاڵ لە خانەی دەیەمی ریزبەندی دێت.