بەفەرمی هەواڵی سڕکردنی ئەمجەد عەتوان رەتدەکرێتەوە

ئەمجەد عەتوان، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق
ئەمجەد عەتوان، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق

فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەم هەواڵانەی بەشێک لە میدیاکان رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمجەد عەتوان لەلایەن فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا تاهەتایە لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق سڕکراوە، فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پێتان رادەگەیەنێت ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە.

لە بەیاننامەکەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقدا هاتووە '' فیدراسیۆنەکەمان ڕوونیدەکاتەوە پێویستە بە شێوەیەکی بابەتیانە و بە متمانەوە مامەڵە لەگەڵ هەواڵەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردەی نیشتمانیماندا بکرێت، بۆ کاریگەری لەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەکەمان، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 نەکات ''.

فیدراسیۆنەکەمان داوا لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات کە وورد بن لە گەیاندنی هەواڵەکان، هەروەها لە سەرچاوە سەرەکییەکانییەوە وەریبگرن، بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان هەموو لایەنەکان لەسەر بناغەیەکی تۆکمە بنیات بنرێت، هاوکات پاڵپشتی تەواو بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی وڵاتەکەمان دەکەین کە لە قۆناغی ئامادەکاریەکانی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقدا هاتووە '' فیدراسیۆنەکەیان پەنا دەباتە بەر ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک کە هەواڵی چەواشەکارانە بڵاوبکاتەوە و پەرەی پێبدات، ئامانجی هەموومان ئامادەکردنی زەمینەی گونجاوە بۆ هەڵبژاردەکەمان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان، گرنگترینیان گەیشتنە بە مۆندیالی 2026 ''.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەوە، گوایە ئەمجەد عەتوان هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق و یانەی زاخۆ، دەستکاری تەمەنی کردووە و ساختەکاری لە ساڵی لەدایکبوونی کردووە.

Fly Erbil Advertisment