ئێران دەڤەری برادۆست تۆپباران دەكات
K24 – سۆران
تۆپخانەكانی ئێران ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆست لە سنووری ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران تۆپباران دەكەن.
پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "لە كاتژمێر 10:30 خولەكی ئەمڕۆوە تۆپخانەكانی ئێران ناوچەی بەربزین لە دەڤەری برادۆست بۆردومان دەكەن و تا ئێستاش تۆپباران بۆ سەر ئەو ناوچانە بەردەوامە".
گوتیشی: "ئەو ناوچانەی لەلایەن ئێرانەوە تۆپباران دەكرێن، جوتیار و كۆچەرییەكانی لێ نیشتەجێن، بەھۆی تۆپبارانەوە ئێستا زۆربەیان ماڵەكانیان جێھێشتووە و بەرەو سەنتەری ناحیەی سیدەكان دەڕۆن".
پەیامنێرمان ئەوەشی روونكردەوە: "بەھۆی تۆپبارانەكانی پێشتری كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێكی زۆری پووش و پاوانی ئەو ناوچەیە سووتاوە، بۆیە ماوەیەك بەر لە ئێستا لەبەر سوتانی لەوەڕگەكان ژمارەیەك لە كۆچەرییەكان بەناچاری چونەتە شوێنی دیكە و ئەوانەی لەوێش ماون ئێستا خەریكە ناوچەكە بەتەواوی چۆڵ دەكەن".