جۆ بایدن لە ماوەی هەفتەیەکدا بۆ دووەمجار بە هەڵە ناوی سەرکردەکانی ئەوروپا دەهێنێت

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی پێش چەند رۆژێک سەرۆکی ئەمەریکا بە هەڵە باسی لە چاوپێکەوتنی خۆی و فرانسۆ میترانی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کرد کە پێشتر کۆچی دوایی کردووە، ئەمجارە بە هەڵە لەبری ناوهێنانی ئەنگێلا مێرکڵ باس لە هێلموت کۆڵی راوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا دەکات کە زیاتر لە حەوت ساڵە مردووە.

هەڵە نوێیەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکای تەمەن 81 ساڵان رۆژی چوارشەممەی رابردوو بوو، دوای چەند رۆژێک لە هەڵەیەکی دیکەی دێت، کە لە بری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئێستای فەرەنسا، باسی فرانسۆ میترانی سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا کرد لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی گرووپی حەوت لە مانگی حوزەیرانی 2021، لە کاتێکدا فرانسۆ میتران لە ساڵی 1996 کۆچی دوایی کردووە.

دووبارە جۆ بایدن تێکەڵاوی نێوان ناوی سەرکردەیەکی ئەوروپی و سەرکردەیەکی پێشتر کە لە ژیاندا نەماوە بووەتە باسی میدیاکان و ئاراستەکردنی رەخنەیەکی زۆر لەلایەن دژبەرەکانی لە کێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.

بایدن باسی لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ ی راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا کردووە بەڵام ناوی هێلموت کۆلی راوێژکاری پێشووتری ئەو وڵاتە دەهێنێت کە لە ساڵی 2017 کۆچی دوایی کردووە.

لە بەرامبەردا، گوتەبێژی سەرۆکی ئەمەریکا بیانووی بۆ ئەو هەڵانەی بایدن هێناوەتەوە و کارین جان پیێر، نموونەی بە سەرۆک و سەرکردە ئەمەریکییەکانی پێشتر هێناوەتەوە کە بە هەڵە ناوی کەسانی دیکەیان هێناوە و لەگەڵ ئەو کەسانەی مەبەستیان بووە، تێکەڵیان کردووە.

چیرۆکی هەڵەی ئەمجارەی بایدن هەر بۆ دیدارێکی ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە کە ئەوکاتە ئەنگێلا مێركڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بووە بەڵام بە هەڵە ناوی هێلموت کۆل دەهێنێت کە 1982 تاوەکو 1998 بۆ ماوەی 16 ساڵ راوێژکاری ئەڵمانیا بووە و لە ساڵی 2017ـەوە لە ژیاندا نەماوە.

دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی.

جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵام بایدن باس لە دەستکەوتی یاسادانان و سەرکەوتنی زۆری لە بوارەکانی ئابووری و سیاسییدا دەکات کە پێی وایە دەبێتە جێی سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ راکێشانی دەنگدەران، بە تایبەتی کە ترەمپیش تەمەنی 76 ساڵە و گەنج نییە.

بڕیارەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت و تائێستا هەریەکە لە جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک کەسایەتی دیکەی ئەمەریکا خۆیان کاندیدکردووە.