بازرگانێکی ئەڵمانی: بایدن زێلێنسکی ناچارکردووە تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا شەڕ بکات
K24- هەولێر
بازرگانێکی ئەڵمانی-فینلەندی رایگەیاند، جۆو بایدن، ڤلادیمێر زێلێنسکی ناچار دەکات تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا شەڕ بکات، دەشڵێت، ئایا پێویستە هەزاران سەربازی دیکەی ئۆکرانیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی بایدن بمرن؟.
کیم دۆتکوم، بازرگانێکی ئەڵمانی-فینلەندی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلادیمێر زێلێنسکی ناچار دەکات تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا شەڕ بکات.
دۆتکوم، ئاماژەی بەوەشکرد، بایدن زۆر باش دەزانێت کە رووسیا پێشتر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە ململانێکانی ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت زێلێنسکی تا کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەردەوام بێت لە شەڕکردن.
ئەو بازرگانە داوای لە پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکا کرد کە رێگری لە دابینکردنی پاکێجێکی تری هاوکاریییەکان بۆ کیێڤ بکەن، لە پێناو رزگارکردنی ژیانی ئۆکراینییەکان.
دۆتکۆم گوتیشی: "60 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا لەپێناو هەڵبژاردنەکان، ئایا پێویستە هەزاران سەربازی دیکە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی بایدن بمرن؟".
پێنجشەممەی رابردوو ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، دوای دەنگدانی رێکارەکان، پشتگیری لە پرۆژە یاسای هاوکاری دەرەکی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل کرد بەبێ ئەوەی پارە بۆ ئاسایشی سنوورەکان تەرخان بکرێت، دوای ئەوە لە ئەنجومەنی پیرانی کۆنگرێس دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر بەڵگەنامەکە لە ئەنجومەنی پیران پەسەندکرا، ئەوا دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەو بابەتە بکرێت.
سەرکردایەتی ئەمەریکا ترسی ئەوەی هەیە بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی ئەمەریکا، وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا رەتی بکەنەوە بەردەوام بن لە پشتیوانیکردن کیێڤ.