هاوپەیمانێکی عیمران خان زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنەکانی پاکستان بەدەستهێنا

عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان
عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان

K24 - هەولێر

لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی پاکستاندا، کاندیدە سەربەخۆکانی پارتەکەی عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی زیندانیکراوی پاکستان زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانییان بەدەستهێنا و سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەری لە دەنگداندا تۆمارکرد.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی شوباتی 2024، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاکستان رایگەیاند، تا ئێستا کاندیدە سەربەخۆکان 98 کورسییان بەدەستهێناوە و 22 کورسی هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و زۆرینەی کاندیدە سەربەخۆکان سەر بە پارتەکەی خانن کە بزووتنەوەی ئینسافی PTI پاکستانە.

کۆمەڵەی موسڵمانانی پاکستان (نەوازشەریف) کە زۆرترین ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا هەبوو، تا ئێستا لە رووی ژمارەی کورسییەکانەوە پلەی دووەمی بەدەستهێناوە کە 69 کورسییە. پارتی گەلی پاکستان بە 51 کورسی لە پلەی سێیەم بەدەستهێناوە.

هەروەها 22 کورسی دیکە بەس نییە بۆ حزبی کۆمەڵەی ئیسلامی کە نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری پاکستان سەرۆکایەتی دەکات، هەتا ئەگەر هەموو کورسییەکانیش بەدەستبهێنێت. هەروەها هیچ کامێک لە سێ پارتە سەرەکییەکەی وڵاتەکە ئەو 169 کورسییە بەدەستناهێنن کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان حکومەت پێکبهێنن، ئەوەش روون نییە کێ وەک سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵات هەڵدەبژێردرێت.

دوێنێ هەینی، خان لە وتارێکدا کە بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا راگەیاند و داوای لە لایەنگرانی کرد "ئێستا هێز نیشان بدەن بۆ پاراستنی دەنگەکانیان"، خان کە لە مانگی ئابەوە لە پشت مێزی دادگایە، و زیرەکی دەستکردی بەکارهێنا بۆ پێشکەشکردنی پەیامێک بۆ لایەنگرانی. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت: "متمانەت بە من پاراستووە، بەشدارییە گەورەکەتان هەمووانی سەرسام کرد".

نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری پاکستان و سەرۆکی کۆمەڵەی موسڵمانانی پاکستان، دانی بەوەدانا پارتەکەی "زۆرینەی دەنگی پێویستی بۆ پێکهێنانی حکومەت" نییە و بەدوای هاوپەیمانیدا دەگەڕێت.

Fly Erbil Advertisment