شاندێکی دادوەرانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستانن
K24 – هەولێر:
شاندێکی دادوەرانی فەرەنسا بە مەبەستی وەرگرتنی وتەی قوربانییەکی ئێزدی دەستی داعش لە هەرێمی کوردستانن و چاویان بە چەندین بەرپرسی هەرێمەکەش کەوتووە.
شاندێک کە پێکدێت لە ئەندامانی دادگایەکی پاریس و نووسینگەی داواکاری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە فەرەنسا لە هەرێمی کوردستانن و چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجامداوە.
مەبەستی سەرەکی شاندەکە وەگرتنی وتەیە لە یەکێک لە قوربانییەکانی دەستی رێکخراوی تیرۆرستی داعش کە هاووڵاتییەکی كوردی ئێزدییه، لهلایهن ژن و مێردێكی بەڕەگەز فەرەنسییهوه تاوانی جهنگی بهرامبهر كراوه، كه ئێستا لە وڵاتی فهرهنسا لە ژێر لێکۆڵێنەوەدایە بە تۆمەتی ئەندامبوونی لەو رێکخراوەدا.
یان برایم، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر، لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کچە ئێزدیە وەک خزمەتکاری یەکێک لە هاوسەرانی چەکدارێکی داعش کە بە رەگەز فەرەنسییە کاریکردووە.
هەروەها راشیگەیاند، کە سەردانی شاندەکە دەرخەری ئەو راستییەیە کە هیچ چاوپۆشییەک لەو تاوانانە ناکرێت کە دەرهەق بە ئێزدییەکان کراون لە لایەن هاووڵاتییانی فەرەنسییەوە کە لە ریزی رێکخراوی داعش کاریان کردووە.
کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە بەبێ هاوکاری چالاکانەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان نەدەکرا، هاوکات ستایشی رۆڵی ئەو هاوکاریانەی کرد.
برایم جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییە تاوانەکەی بەسەردا ساغ بوویەوە، ئەوا ئەو کچە ئێزدییە دەتوانێت داوای قەرەبوو بکاتەوە.
ئامادەکردنی ڤلادمیر ڤان ویلنگبێرگ