فوئاد ئەلمەجالی بۆ کوردستان24: کابینەی نۆیەم پشتگیری بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردنی کردووە
K24 - هەولێر:
کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیرییەکی گەورەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردنی کردووە.
فوئاد ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندی شانشینی ئوردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی برایانەی مێژووییە، ئامانجمان ئەوەیە لە هەموو رووێکەوە ئەو پەیوەندییانە پەرەپێبدەین، لە سەر ئاستی ئابووری، بازرگانیی، پزیشکی و پەروەردە و فێرکردن.
کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ساڵی رابردوو دەستکەوتی باشمان هەبوو، ئەمساڵیش کاری باشتر دەکەین. گوتیشی: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت پشتگیرییەکی گەورەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردنی کردووە.
فوئاد ئەلمەجالی، باسی لەوەشکرد، "ئێمەش دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە هەموو رووێکەوە بەهێز بکەین چونکە هەردوو لامان شایەنی ئەوەین لە رووی وەبەرهێنان و بازرگانی و پزیشکی پەیوەندی باشترمان هەبێت".