پەروێز رەحیم: عێراق بەبێ هاوپەیمانان ناتوانێت خۆی لە هەڕەشەی تیرۆر بپارێزێت

پەروێز رەحیم، شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی
پەروێز رەحیم، شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر:

شارەزاییەکی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رایدەگەیەنێت، بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، ئەوا ئەو وڵاتە تووشی زیانێکی گەورەی ئابووری دەبێت. گوتیشی: عێراق بەبێ ئەمەریکا و هاوپەیمانان ناتوانێت خۆی لە هەڕەشەی تیرۆر بپارێزێت.

پەروێز رەحیم، شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، فشاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بڕیارێکی عێراقی نییە بەڵکو بڕیارێکی ئێرانییە.

ئەو شارەزایەی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا، عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە، چونکە ئەو وڵاتە ئەو توانایەی نییە لەبەرامبەر هەڕشەکان و هێرشی گرووپە تیرۆرستییەکان خۆی بپارێزێت.

پەروێز رەحیم، راشیگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی عێراق تەنانەت لە دەرەوەی سنووری ئەو وڵاتە چالاکی سەربازی ئەنجامدەدەن و لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەت نین، بەڵام کاتێک کە سەرکردەیەکیان یان کەسێکیان لەلایەن ئەمەریکاوە بە ئامانج دەگیرێت ئەو کاتە داواکاری بەرز دەکەنەوە کە ئەوانە هێزی فەرمین.

ئەو شارەزایەی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت: ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە، ئەوا ئەو وڵاتە تووشی زیانێکی گەورەی ئابووری دەبێت، هەروەها لە رووی ئاسایشەوەش دەبێتە دەوڵەتی میلیشیاکان.

پەروێز رەحیم، گوتی: بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق ئاسان و خێرا نابێت، مەترسییەکان لە عێراق تەنیا داعش نین بەڵکو  وڵاتی دراوسێش بە مووشەک هێرشی سەر ئەو وڵاتە دەکات.

Fly Erbil Advertisment