پەرلەمانتارێکی پارتی: پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانانی نییە
K24 - هەولێر
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانانی نییە و ئەمە ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە. جەختیش دەکاتەوە، هێشتا عێراق پێویستی بە هاوپەیمانان هەیە و دەرکردنیان "کارێکی هەڵەیە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-02-2024، سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان، کاری حکومەتی فیدراڵییە، نەک پەرلەمانی عێراق. بە گوێرەی ماددەی 80ـی دەستوور، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی بەستنی رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەیە، نەک پەرلەمان. بۆیە پەرلەمان ناتوانێت بڕیار بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان بدات و ئەو دەسەڵاتەی نییە".
بە بۆچوونی سیپان شێروانی کۆتاییهێان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش "کارێکی ئاسان نییە" و بە دووری دەزانێت بەمزووانە عێراق بەجێبهێڵن. ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەو بڕوایەدان تاوەکو ئێستاش عێراق پێویستی بە توانە سەربازی و هەواڵگیرییەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمەریکا هەیە، بۆیە دەکرێت شێوازی کارکردنیان لە داهاتوودا بگۆڕدرێت".
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی کۆتاییهێان بە ئەرکی هاوپەیمانان بە "کارێکی هەڵە" دەزانێت و پێیوایە "کاریگەریی نەرێنی زۆر لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پێگە سیاسییە نێودەوڵەتی و ئابوورییەکەی دەبێت". گوتیشی، "تاوەکو ئێستاش داعش مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، بۆیە ئەم وڵاتە پێویستی بە هاوپەیمانان هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بگرێت".
دوێنێ شەممە، 10-02-2024، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پێشێلکارییەکانی سەر سەروەریی خاکی عێراق کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە؛ سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد، کار بە یاسای ژمارەی 18ی ساڵی 2020 بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمان و چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق بکات. راشیگەیاند، لیژنەیەکیش بۆ چاودێریکردنی دانوستەکان لەگەڵ هاوپەیمانان پێک دەهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لەوەتەوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. رۆژی 28-01-2024، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی "تاوەر – 22"ـی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی سنووری (ئوردن-عێراق-سووریا) بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و زیاتر لە 40ـی دیکە برینداربوون.
ئەمەریکا لە تۆڵەی کوژرانی سەربازەکانی؛ رۆژی 02-02-2024، بە 185 مووشەک هێرشی کردە سەر 85 بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە نێو و عێراق و سووریا. بەهۆیەوە زیاتر لە 30 چەکدار کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.
ئەمەریکا بەوە نەوەستا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 07-02-2024، نزیکەی کاتژمێر 09:30، لە رێگەی سێ مووشەکەوە ئۆتۆمبێلێکی لە ناوەندی بەغدای پایتەختی عێراقی کردە ئامانج کە سێ فەرماندەی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی تێیدا بوون و بەهۆیەوە هەرسێکیان کوژران. دواتر سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەو هێرشەدا کەسێکیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بووە لە هێرشەکانی سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.