کونسوڵی بەریتانیا: دەمانەوێت لە گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستاندا کاری زیاتر بکەین

جەیمس گۆڵدمان کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان
جەیمس گۆڵدمان کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

جەیمس گۆڵدمان کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەریتانیا هاوڕێیەکی لەمێژینەی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانە و  ئامانجیشیانە لە سەرجەم بوارەکاندا پەرە بەم هاوڕێیەتییە ناوازەیە بدەن.

جەیمس گۆڵدمان بۆ کوردستان24 گوتی: گرنگی بە سەربەخۆیی ئابووری گەنجان لە هەرێمی کوردستان دەدەین، چاویشمان لەوەیە لە بواری گەشتوگوزاردا لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەماهەنگیی و کاری زیاتر بکەن، چونکە هەرێمی کوردستان لەرووی گەشتیارییەوە ناوازەیە.

گوتیشی: بەریتانیا هاوڕێیەکی لەمێژینەی هەرێمی کوردستانە، چاویشمان لەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکارکردن بەردەوام بین بۆ بەهێزکردنی ئەو هاوڕێیەتییە ناوازەیە.

هەروەها ئاماژەیدا، لە سەر چەند ئاستێکدا کاری باشمانکردووە بۆ پەرەپێدانی بەرژوەندییەکانی هەردوولا، بەڵام دەمانەوێت  هەماهەنگی زیاترمان هەبێت، ئەوەش لەپێناو خەڵکی بەریتانیا و هەرێمی کوردستانە.

پێشووتریش گرووپی پشتیوانان لە هەرێمی کوردستان لە نێو پەرلەمانی بەریتانیا، کە چەندین پەرلەمانتار لەسەرجەم پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەخۆ دەگرێت، پشتیوانی بەهێزی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

جاک لۆپرێستی، ئەندامی پارتی پارێزگاران و سەرۆکی گرووپی پەرلەمانی سەرجەم پارتەکان بۆ کوردستان APPGرایگەیاند، دەبێت شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا پشتیوانی هاوڕێ و هاوپەیمانە کوردەکانی بکات.

لۆپرێستی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پەیوەندییە مێژووییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بۆ چەندین دەیە دەگەڕێتەوە و هاوپەیمانیەتییه‌كی گرنگە لە سەدەی رابردوو بۆ سوودی هاوبەش.