پەیامنێری کوردستان24: دیوەخانەکەی کوێخا دێرین عوزێری لە سلێمانی رووخێندرا
K24 – سلێمانی:
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، دوای گەمارۆدانی ماڵی کوێخا دێرین عوزێری لە گەڕەكی كەنەكەوەی سلێمانی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە ئەو ماڵە رووخێندرا و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ناوبرا بۆ دەستگیرکردنی.
رۆژی دووشەممە (12ـی شوباتی 2024) بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هێزێكی كۆماندۆ چوونە سەر ماڵی كوێخا دێرین عوزێری بە تۆمەتی وەرگرتنی سەرانە لە سەرمایەدار و تەقەکردن و بریندارکردنی کوڕی سەرمایەدارێک، چواردەوری ماڵەکەیاندا بەڵام ناوبراو لە ماڵەوە نابێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کوێخا دێرین تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند سەرجەم هێزەکانی کوێخا دێرین چەککراون و براون بۆ فەرماندەیی و کوێخا دێرین عوزێریش هەڵهاتووە و موڵکو ماڵەکەشی دەستی بەسەر گیراوە بەگووتەی سەرچاوەکە.
پێشتریش میدکانی سلێمانی بڵاویانکردەوە کە کوێخا دێرین عوزێری، بەهۆى هەڵاتنى لە ریزەکانى پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى چواردەورى ماڵی دێرین ئەحمەد محەمەد ناسراو بە "کوێخا دێرین"ى عوزێرییان گرتووە و داوای لێدەکەن خۆى رادەستبکات.
لەلایەن خۆیەوە، ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بەهۆی تەقەکردن لە هاووڵاتییەک، دانیان بە تاوانەکەیان دانا و ئاشکرایان کردووە کە لەسەر فەرمانی کوێخا دێرین تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەکردن لە سەرمایەدارێکی سلێمانی، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
لە بارەی رووخانی دیوەخانەکەشەوە، ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە، لەسەر بڕیاری دادوەر دەستبەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی دێرین عوزێریدا گیراوە و سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی دروستیکردووە، دەڕووخێندرێت.