عه‌بدولسه‌لام حه‌سه‌ن: حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق به‌سڕه و عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان پشتگوێ خستووه

K24 – هەولێر:
شرۆڤه‌كارێكی ئابووری ئاماژه به‌وه ده‌كات، حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق به‌سڕه و هه‌موو پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشیان له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان پشتگوێ خستووه.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 14ـی شوباتی 2024) عه‌بدولسه‌لام حه‌سه‌ن حوسێن، شرۆڤه‌كاری ئابووری سه‌باره‌ت به خراپی بارودۆخی خه‌ڵكی به‌سڕه و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه پێویستییه‌كانی شاره‌كه تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، به‌سڕه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له رووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافییه‌وه كه‌وتووه‌ته سه‌ر كه‌نار ده‌ریایه‌كی گه‌وره و ناوچه‌یه‌كی به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌ندیشه، به‌ڵام خزمه‌تی پێویستی شاره‌كه نه‌كراوه، ته‌نانه‌ت نه‌توانراوه رێژه‌ی 40%ـی خزمه‌تگوزارییه‌كان پێشكه‌شی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكرێت.
عه‌بدولسه‌لام حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیارێك له په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه، به‌ڵام په‌كخراوه ئه‌ویش ناساندنی به‌سڕه‌یه به پایته‌ختی ئابووری عێراق.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، پشتیوانییه‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق بۆ پشتیوانیكردنی به‌سڕه و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق په‌كخراون و به‌هۆی ئه‌و په‌كخستنانه‌وه، نه‌توانراوه خزمه‌تی شاره عێراقییه‌كان و دانیشتووانه‌كه‌ی بكرێت.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، حكومه‌تی عێراق ته‌نانه‌ت له دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كاندا، هه‌رێمی كوردستانیشی پشتگوێخستووه. روونیشیكرده‌وه، دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ نموونه بۆ هه‌ر پارێزگایه‌كی عێراق ئه‌گه‌ر به رێژه‌ی 70% بێت، به‌دڵنیاییه‌وه ته‌نیا 8%ـیان پێ ده‌گات.
بەسرە دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراقە کە مانگانە نزیکەی 50 ملیار دینار داهاتی پارێزگاکەیە، کەچی دانیشتووانەکەی لە دۆخێک‌دا دەژین کەس خۆزگەیان پێناخوازێت، نەبوونی هەلی کار و پیسیی ژینگە و زۆری رێژەی شێرپەنجە، تەنگی بە دانیشتووانی بەسرە هەڵچنیووە.
ژیان لە بەسرە جۆرێک لە ململانێکردنە لەگەڵ مەرگ، کوردستان24 لە رێگەی بەرنامەی چ باسەوە بە دواداچوونی بۆ دۆخی بەسرە کرد و دەنگی دانیشتووانی شارەکەی گەیاندە گوێچکەی حکومەت و بەرپرسانی عێراق.
کێشە و گرفتەکان زۆرن، گەنجان و ئافرەتان قوربانی یەکەمی گەندەڵیی و نادادی دەستی حکومەت و بەرپرسانی شارەکەن، بەجۆرێک رێژەی ئافرەتی تەڵاقدراو تادێت زیاتر دەبێت.
هاووڵاتییەکی ئەو شارە بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی تەڵاق درام، هەندێ لە خەرجیی منداڵەکانییان پێدام، ئێستا وەکو خزمەتکار لە ماڵان کاردەکەم و هەرکەس با‌نگم بکات دەچم کاری بۆ دەکەم، ناچارم لەبەر منداڵەکانم، 4 منداڵم هەیە تەنیا یەکێکیان ئەخوێنێت، چونکە توانام نییە و ناتوانم بەخێویان بکەم، تەنیا من نیم هەزاران ژنی تەڵاقدراوی دیکە لەم شارەدا هەن.
زیاتر 16%ـی گەنجانی بەسرە بێکارن، خاوەن بڕوانامەی باڵا و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بازاڕی شارەکەدا بەدوای کاردا دەگەڕێن.
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: گەنجی بێکار زۆرن، دەرچووانی زانکۆش بێکار کەوتوون و دانامەزرێن، هەڵگرانی بڕوانامەی ئەندازیاری و نەوت و مامۆستا و چەندانی تر لەم بازاڕەدا بە دوای کاردا دەگەڕێن، کەچی کاریشییان دەستناکەوێت.
تەنیا نەبوونی کار و خزمەتگوزارییەکان تاکە کێشە نین لە بەسرە، بەڵکو کێشە و گرفتی زۆر گەورەتر هەن و هۆشداری لە بەهاناوەچوونی بەپەلەیان لێدەکرێت.
لەلایەن خۆیەوە مەهدی تەمیمی، بەرپرسی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە بە کوردستان24ـی گوت:ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگای بەسرە لە هەموو شارەکانی دیکەی عێراق، بگرە لە هەموو ناوچەکەش زیاترە، جیاواز لە زیادبوونی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، کێشەی لەوەش گەورەتر و مەترسیدارتر، دیاردەی بازرگانیکردنە بە جەستەی مرۆڤەوە، کە ئەو تاوانە تادێت لە عێراق بە گشتی و بەسرە بەتایبەتی زیاتر و زیاتر دەبێت.
دەوڵەمەندترین پارێزگا لە رووی داهاتەوە، بووە بە سەرچاوەی قەیران و دیاردەی نەشیاو و تاوانی هەمەجۆر، بەسرە بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەچێت، بەگوێرەی گوتەی خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە، گەر حکومەت بە زوویی بەفریای بەسرە نەکەوێت، کارەساتی گەورە لە شارەکەدا روودەدات.