بە بەشداری 64 خانمە شێوەکار پێشانگای نەوار کرایەوە

پێشانگای نەوار
پێشانگای نەوار

K24 - هەولێر

پێشانگای نەوار، پڕۆژەیەکی هونەری هاوبەشی ساڵانەیە، کە شێوەکاران لەم پێشانگایەدا زمانی رەنگ و ستاتیکی و بیرۆکە و تەکنیک لە نێو تابلۆ رەنگاوڕەنگەکانیاندا دەبیننەوە. بۆ ئەمساڵیش ئەو چالاکییە هونەرییە بووە میوانی هەولێر و گەلەری جیهانیانی هەڵبژارد و 64 خانمە شێوەکار بەشداریان لە پێشانگای نەواردا کرد لەگەڵ پێشکەشکردنی 120 بەرهەمی هونەری.

تابلۆکانی نێو پێشانگاکە سیرامیکی و کۆلاج و ئاوی و زەیتی بوون و شێوەکاران لەم پێشانگایەدا هەوڵیانداوە داهێنان و سەلیقەی جوانی خۆیان بە نەخشاندنی تابلۆ رەنگینەکان بخەنە روو.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی شوباتی 2024، هیام موسەوی، بەڕێوەبەری دەزگای هونەری شێوەکارانی عێراق بە کوردستان 24ـی راگەیاند، گردبوونەوەی 64 هونەرمەندی شێوەکار لە گشت پێکهاتەکانی عێراقدا، جەختکردنەوەیە لە پێکەوەژیانی نەتەوەکان و سوود وەرگرتن لە هونەرەکەیان، بەتایبەت ئەو تابلۆ و کارە دەستی و سیرامیکیانەی کە گوزارشت لە ئایینە جیاوازەکان دەکەن. بەشێکیش لە تابلۆکانی نەوار گێڕانەوەی مێژووێکن لەم وڵاتە و نیشاندانی روخساری جوانی سروشتەکەیەی.

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیری جیهان گەیشتووینەتە رێککەوتنێک لە ساڵانی ئاییندەدا چەند پڕۆژەیەکی دیکەی هونەری هاوبەش لەگەڵ هونەرمەندانی کورد ئەنجام بدەین.

Fly Erbil Advertisment