دەستپاکی عێراق دوو بەرپرسی شارەوانی لە زیقار دەستگیر دەکات
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، دوو بەرپرسی شارەوانی ناسریە لە پارێزگای زیقار دەستگیر کراون. دەستگیرکردنی ئەو دوو بەرپرسە لەسەر داواکردنی بەرتیل بووە، کە لە بەرامبەر رێگرییکردن لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی کەسێک داوایان کردووە، کە سەرپێچیی کردووەتە سەر موڵکی گشتی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تیمی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی زیقار سەردانیکردنی شارەوانی ناسریەیان کردووە و بەرپرسی بەشی سەرپێچییەکانیان لە یەکێک لە لقەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلەکەدا دەستگیر کردووە. تۆمەتبارەکە داوای پارەی لە هاووڵاتییەک کردبوو بە بیانووی ئەوەی مۆڵەتی بیناسازیی نییە و سەرپێچیی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەکە، تۆمەتبارەکە هاووڵاتییەکەی بە بوونی سزایەکی دارایی فریو داوە، کە گوایە بەهۆی سەرپێچیکردن لە موڵکی گشتی کەوتووەتە ئەستۆی. تۆمەتبارەکە بە هاووڵاتییەکەی راگەیاندبوو بۆ ئەوەی رێگەی پێ بدات خانووەکەی تەواو بکات، دەبێت پارەیەک بدات تا لە سەرپێچییەکەی چاوپۆشی بکات.
تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە، بەڕێوەبەری بەشەکەشی لە دابەشکردنی پارەی بەرتیلەکەدا هاوبەش بووە. دوای ئەوەی تیمەکانی دەستپاکی کەمینێکیان داناوە، بەڕێوەبەری بەشەکەش دەستگیر کراوە.
دەستەکە روونیکردەوە، هەردوو تۆمەتبارەکە لەگەڵ تۆمەتبارێکی سێیەم کە ئەویش لە شارەوانی کار دەکات، بە بڕیاری دادگا رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە زیقار کراون. دادوەر بەپێی ماددەی 160ی یاسای سزادانی ساڵی 1983، بڕیاری بەندکردنی بۆ هەرسێکیان دەرکردووە تا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.