هەنگوینی کوردستان لە پێشانگەی هەنگوین لە قەتەر نمایش دەکرێت

نمایشکردنی هەنگوینی کوردستان لە پێشانگەی هەنگوین لە قەتەر. وێنە: فەرمناگەی میدیا و زانیاری
نمایشکردنی هەنگوینی کوردستان لە پێشانگەی هەنگوین لە قەتەر. وێنە: فەرمناگەی میدیا و زانیاری

K24 – هەولێر:

هەنگوینی چیاکانی کوردستان لە پێنجەمین پێشانگەی هەنگوین لە قەتەر نمایش دەکرێت، هاوکات شرۆڤەكارێکی باڵا لە تیمی كشتوكاڵیی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەنگوینی كوردستان لە پێشانگەکەدا خواستێكی زۆری كڕیارانی لەسەرە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) دڵشێر بەردەڕەشی، شرۆڤەكاری باڵا لە تیمی كشتوكاڵیی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، "دوای هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان لە مانگی 11ـی 2023، لایەنی حكومی قەتەر چەندینجار پشكنینی جۆرێتیی هەنگوینی كوردستانی كردووە و بە سەركەوتوویی لە هەموو تاقیكردنەوەكان دەرچووە".

ئەو شرۆڤەکارە باڵایەی تیمی کشتوکاڵی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "ئێستا لە پێشانگەی هەنگوین كە 23 وڵات و 100 كۆمپانیای جیاجیای جیهانی تێیدا بەشدارن، هەنگوینی كوردستان نمایش دەكرێت و خواستێكی زۆری كڕیارانی لەسەرە".

هەنگوینی هەناردەكراوی كوردستان، لە پێنجەمین پێشانگەی هەنگوین لە شاری دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەر نمایش دەكرێت و خواستێكی زۆری کڕیارانی لەسەرە؛ ئەو پێشانگەیە لە 10ـی شوباتی 2024 دەستی پێ كردووە و تاوەکو 19ـی شوبات بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە مانگی 11ـی 2023  بە سەرپەرشتیى راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران، پرۆسەی هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان بۆ وڵاتی قەتەر دەستی پێ كرد.

پێشتریش لە شانزەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی هەنگەوانانی ئاسیا لە وڵاتی سعوودییە بۆ ساڵی 2023، پێشبڕکێی باشترین هەنگوینی ساڵ لە نێوان وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو و تێیدا هەنگوینی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەست هێنا.

Fly Erbil Advertisment