ئێران داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

ژمارەیەکی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق
ژمارەیەکی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەدات، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتری دۆخی ئەمنیی عێراق و حکومەت و پەرلەمان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 19-02-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سەبارەت بە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پێمان وایە، بوونی ئەو هێزانە لە عێراق هیچ کاتێک ئاسایشی بۆ ئەو وڵاتە دابین نەکردووە و مانەوەشیان بە تێکدەری سەقامگیریی ناوچەکە دەزانین".

کەنعانی پێیوایە "حکومەت و گەلی عێراق مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لەبارەی ماوەنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بدەن. هەڵوێستی حکومەت و گەلی عێراقیش ڕوونە. بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە بەڕادەی پێویست ڕوونە و ئێمە پشتیوانی لە بەدیهاتنی خواستی حکومەت، گەل و پەرلەمانی عێراق دەکەین".

ئێران، وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئەو وڵاتە باسی کرد، "پێویستیی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بە یارمەتیدەری ئاسایشی عێراق دەزانین. لەوەش دڵنیاین هێزە چەکدارەکانی عێراق توانای تەواویان هەیە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بپارێزن".

ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە 15 رۆژە هیچ هێرشێک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی "سەر بە ئێران" نەکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. ئەمەریکاش هێرشەکانی بۆ سەر ئەو گرووپانە لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازەکەی لە ئوردن راگرتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قوودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەردانی عێراق کردووە و گرووپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانی رازی کردووە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا رابگرن.

ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، حکومەتی عێراق پەنای بردووەتە بەر ئێران و داوای واژووی تارانی کردووە بۆ ئەوەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەلایەن گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە لە عێراق بوەستێنرێن و ململانێکان لەنێو خاکەکەی فراوانتر نەبن.