میلیشیاكان دۆخی پارێزگا سوننهكانیان ناسهقامگیر كردووه
K24 – هەولێر:
پارێزگا سووننەکان یەکێکن لە نائارامترین ناوچەکانی عێراق لەرووی ئاسایش و ئابوورییەوە، لەدوای شەڕی داعشەوە چەندان میلیشیا و گروپی چەکدار لەوانەش: کەتائیبی بابلیۆن، کاتائیبی سەیدولشوهەدا و هێزەکانی حەشدی عەشائیریی لەو ناوچانە جێگریبوون، بوونەتە هۆکاری دروستبوونی ناسەقامگیریی و رێگریکردن لەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سووننەکان لە چوار پارێزگای عێراق زۆرینەن، بریتین لە: نەینەوا، ئەنبار، دیالە و سەڵاحەددین لەبەغداش نزیکەی نیوەی دانیشتووانی پێکدەهێنن.
زیاتر لە 20 ساڵە ناوچە سووننە نشینەکانی عێراق سەقامگیرییان بەخۆیانەوە نەبینەوە، هەرجارە وهێزێکی جیاواز بەپاساوێکی جیاواز دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیان دەکات و لەژێر ناوی جیاوازدا هێزی میلیشیا دەبرێتە پارێزگاکانیانەوە.
لەساڵی 2007 بەدواوە شەڕی تایفی عێراق بەرۆکی گرتن، دواتر هاتنی داعش بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس لەسووننەکان و ئاوارەبوونی نزیکەی سێ ملیۆنیان، ئەوە سەرباری وێرانبوونی ژێرخانی هەر چوار پارێزگا سووننەکە، نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەددین و دیالە.
سووننەکان لەعێراق ژمارەیان نزیکەی 10 ملیۆن کەسن، لەسەدا 32ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، لەچوار پارێزگا زۆرینەن، نەینەوا، ئەنبار،دیالە و سەڵاحەددین، لەبەغدا نزیکەی نیوەی دانیشتووان پێکدەهێنن، هەروەها لەبابل و بەسرە لەسەدا 35ی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن.
هاوشانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی ژمارەیەکی زۆر میلیشیا و گروپی چەکدار لەپارێزگا سووننەکان هەژموونیان هەیە کەبوونەتە هۆکاری ناسەقامگیریی و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، گرنگترین ئەو هێزانەی لەناوچە سوونەکان دەسەڵاتدارن بریتین لە سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی بەدری سەر بە هادی عامری، کاتئیبی سەیدولشوهەدا، کەتائیبی ئیمام عەلی، کەتائیبی بابلیۆنی سەر بە رەییان کلدانی و حەشدی عەشائیریی سەربە ئەحەمەد ئەبو ریشە.