هۆشیار زێباری: ئێران داوای دەکرد هەموو هێزە عێراقییەکان ببنە بەشێک لەبەرەی مقاوەمە

هۆشیار زێباری
هۆشیار زێباری

K24 - هەولێر

هۆشیار زێباری وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، تیشکی خستە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە، هەروەها باسی هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان وکاریگەری ئەجێندا دەرەکییەکان لەسەر عێراق کرد.

سەبارەت بە باڵادەستبوونی رۆڵی ئێران لە عێراق و ناوچەکە زێباری بە "رۆژنامەی شەرقولئەوسەت"ـی راگەیاند، چەند ساڵێک لەمەوبەر ئێران بەرەی مقاوەمەیان راگەیاند، بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێیان گوتین " ئێوەی کورد و شیعەکان لە دیکتاتۆریەت رزگارتان بوو، نابێت متمانە بە لووتبەرزی جیهانی و ئەمەریکییەکان بکەن. ئێوەش دەبنە بەشێک لە بەرەی مقاوەمەی بەرگری."

زێباری گوتیشی: "وەڵامەکەم ئەوە بوو کە دەمانەوێت ئێوە بۆ بنیاتنانی وڵاتەکەمان یارمەتیمان بدەن، ئێوە دەتانەوێت ئێمە ببین بە بەرهەڵستکار لە دژی ئەوانەی ئێمەیان ئازاد کرد، ئەمە شتێکی نا لۆژیکییە و کەس ئەوە قبوڵ ناکات".

زێباری ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی بوونی ئەمەریکا بۆتە بیانووی کۆتایی هێنان بە ئەمەریکییەکان لە عێراق و باوچەکە، لە کاتێکدا هێشتا نەک تەنیا ئاسایشی عێراق، بەڵکو ئاسایشی گشتی ناوچەکە پێویستی بە بوونی ئەوان هەیە.

دەشڵێت: هەر لەسەر ئەوپرسە پەرلەمانی عێراق ویستی دانیشتنێک بە نیسابی تەواوەوە ئەنجام بدات بۆ دەرکردنی بڕیارێک بۆ ئەوەی ئەمەریکییەکان دەستبەجێ دەربکەن، بەڵام وەڵامی پێویست نەبوو، نە لە فراکسیۆنە عەرەبییە سوننەکانەوە، نە لە تەواوی فراکسیۆنە کوردییەکانەوە، تەنانەت لە زۆربەی زۆربەی فراکسینە شیعەکانیشەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە کۆی زیاتر لە 230 نوێنەر تەنها نزیکەی 75 نوێنەر بەشدارییان کرد، بۆیە هیچ کۆدەنگی و رێککەوتن و نیسابی یاسایی نەبووە و پرسەکە دواخرا.

سەرچاوە/ شەرقولئەوسەت