رەتکردنەوەی دامەزراندنی هەرێمی دیکە لە عێراق کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

K24 - هەولێر
سیاسەتمەداران و چاودێرانی سیاسی لە عێراق رەتکردنەوەی بیرۆكه‌ی دروستكردنی هه‌رێمی نوێ له‌لایه‌ن سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر پڕۆژەیەک ده‌زانن کە لەلایەن پارێزگاکانه‌وه بۆ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ بنرێت.
لێدوانه‌كه‌ی فایه‌ق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق له‌دژی پێكهێنانی هه‌رێمی دیكه له‌عێراق، دوای چەند رۆژێک له‌و گفتوگۆیانه هات سەبارەت بە ئەگەری دامەزراندنی هه‌رێمی ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و دووبارەکردنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان. به‌بڕوای چاودێرانی سیاسی، قسه‌كانی زێدان پێشێلكردنی چوار مادده‌ی ده‌ستوورییه كه رێگه‌ی به پێكهێنانی هه‌رێمی نوێ له‌عێراق ده‌دات.
پڕۆژه‌ی پێكهێنانی هه‌رێمه‌كان، به‌گوێره‌ی مادده‌ی 119ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، ماف به پارێزگاكان دراوه ببنه هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پێویسته یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، یاخود یه‌ك له‌سه‌ر 10 ده‌نگده‌رانی پارێزگاكه داوای به هه‌رێمكردنی شاره‌كه‌یان بكه‌ن. دواتر داواكارییه‌كه ره‌وانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی، ئینجا كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی راپرسی و وه‌رگرتنی بۆچوونی خه‌ڵك له‌سه‌ر به‌هه‌رێمبوونی شاره‌كه‌یان راده‌سپێرێت.
ساڵانێكه ئه‌نبار و به‌سره قسه له‌سه‌ر به‌هه‌رێمبوونی شاره‌كانیان ده‌كه‌ن، له‌ساڵی 2014 نزیكه‌ی سه‌دا 10ی خه‌ڵكی به‌سره ده‌نگیان بۆ بە هه‌رێمدابوون داوە كه رێژه‌یه‌كی یاسایی بوو بۆ پێشكه‌شكردنی داواكارییه‌كه‌یان، به‌ڵام حكومه‌تی ئه‌و كاتی عێراق به‌بیانووی نه‌بوونی كاتی گونجاو و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعشه‌وه شكستی به هه‌وڵه‌كه هێنا.
دوایین هه‌وڵیش، له ئه‌نباری زۆرینه‌ی سووننه‌نشین درا، كه وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییان به‌رانبه‌ر حوكمڕانی شیعه‌كان، زۆربه‌ی سه‌رۆك هۆزه‌كانی ئه‌نبار داوای پێكهێنانی هه‌رێمی سووننی ئه‌نباریان كرد.
له كاردانه‌وه‌ی قسه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریدا، ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار به‌میدیای عێراقی راگه‌یاندووه، "به‌قسه‌كانی زێدان سه‌رسام نین، چونكه بڕیاره‌كانی دادگاكه هێنده لایه‌نگیری سیاسیان پێوه‌دیاره، نیو هێنده په‌یوه‌ندیان به یاسا و ده‌ستووره‌وه نییه، بۆیه به‌رهه‌ڵستی ناوبراو له‌گه‌ڵ خواستی شیعه‌كاندا یه‌كده‌گرێته‌وه كه دژی بیرۆكه‌ی هه‌رێمی نوێن له‌وڵاتدا."