کوردستان24 وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرادەکات

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق ئامادەیە لەنێوان سەرەتا تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 20-02-2024، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24؛ شاندی باڵای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، بە شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، ئەگەر سبەی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای فیدراڵی سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان یەکلابکاتەوە و بڕیار بدات، ئەوان دەتوانن لە سەرەتا تا ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ (حوزەیران) هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24؛ ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چاوەڕێی بڕیاری دادگان تا وادەیەک لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبکرێت.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، وەکو ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراێکدا ئاماژەی پێ داوە، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیيی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەییيانە دەربڕی".

‏‎لە کۆبوونەوەکەدا، "کۆمیسیۆن باسی رێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایيی تەمەنی کۆمسیۆندا خستەڕوو، لە هەمانکاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشاندا، کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن".

‏‎سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەیداوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكرايه‌وه‌، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە رابردوودا هەنگاوی جیددییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ناوە و ئەرکی ياساييى خۆیان بەجێگەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و رژدييه‌وه‌ هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 18-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024 دواخست.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ناتوانن لە 25ـی شووبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، لەهەمان کات داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکەن.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.