پێشانگای رەخساندنی هەلی کار لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولیر
سەرپەرشتیاری پێشانگای رەخساندنی هەلی کار لە هەولێر رایگەیاند، لەم پێشانگایەدا زیاتر لە 100 کۆمپانیایی خۆماڵی بەشدارییانکردووە بەبێ بەرامبەر، تاکە مەرجمیشان بۆیان رەخساندنی هەلی کارە بۆ دەرچووان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، مەریوان عەزیز، سەرپەرشتیاری پێشانگای رەخساندنی هەلی کار لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک سەنتەری پەرەپێدانی زانکۆی نۆڵج هەستاین بە رێکخستنی ئەم پێشانگایە و توانیمان زیاتر لە 100 کۆمپانیایی خۆماڵی بهێنینە ناو ئەم پێشانگایەوە بەبێ بەرامبەر، بەڵام یەک مەرجیشمان داناوە کە دەبێت هەلی کار تییدا برەخسێت بۆ دەرچووان.
بە گوتەی ئەو سەرپەرشتیارە: "مەبەستی سەرەکیمان لەم پێشانگایە دووئامانجە، یەکەمیان؛ دەمانەوێ سێکتەرە ئەکادیمییەکان ببەستینەوە بە بازاڕی کارەوە، دەمانەوێت ئاشنابین بازاڕی کاری کوردستان لە کوێیە و ئێمەش لە کوێین، ئامانجی دووەممان؛ بتوانین پردێک دروستکەین، لەنیوان دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکانی کوردستان، هەر دەرچوویەک بێکارە دەتوانێنت سەردانی پێشانگاکە بکات".
راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان گەنجی زۆر بەتوانامان هەیە کە هەموویان خاوەن ئەزموونن، بتوانن لێرە رووبەروو لەگەڵ کۆمپانیاکان قسەبکەن و تواناکانی خۆیان نیشاندەن و بتوانن هەلی کار بەدەست بێنن.