تورکێش عزەددین: لەبارەی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووك رێککەوتنێکی بەرایی هەیە

تورکێش عزەدددین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی
تورکێش عزەدددین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی

K24 – هەولێر:

سەرکردەیەکی بەرەی تورکمانی، رایدەگەیەنێت؛ پێویستە سازان بۆ دۆخی کەرکووک هەبێت. هاوکات دەڵێت: نابێت پێکهاتەکانی کەرکووك فەرامۆش بکرێن.

تورکێش عزەددین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر23ـی کوردستان24 رایگەیاند، دانووستانەکان بەردەوامن بۆ پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک، بەڵام تا ئێستا پۆستەکە یەکلایی نەکراوەتەوە و بووەتە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی ئیدارەیی خۆجێیی کەرکووک.

ئەو سەرکردەیەی بەرەی تورکمانی راشیگەیاند، دۆخی کەرکووک زۆر هەستیارە پێویستە دۆخێکی تایبەتمەندی پێبدرێت، پێویستە چارەسەرێکی هەمیشەیی و سازان هەبێت لەسەر دۆخی کەرکووک، هەروەها دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بەشداربن.

تورکێش عزەددین، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەی ماڵی سوودانیدا رێککەوتنێکی بەرایی کرا، کە پێویستە هێزە براوەکان لە ماوەی حەوت رۆژدا کارنامەی خۆیان پیشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن.

ئەو سەرکردەیەی بەرەی تورکمانی، دەڵێت: هەموو لایەنەکان داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەن، هەروەها تورکمان تا ئێستا پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان وەرنەگرتووە، با ئەمجارە پۆستەکە بە نۆرە بێت بۆ لایەنە براوەکان و هیچ پێکهاتەیەک فەرامۆش نەکرێت.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).

بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو 16 کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.