وەزارەتی ناوخۆی عێراق: کارتی نیشتمانی دەبێتە رەنگاورەنگ
K24 - هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا 83% دانیشتووانی عێراق كارتی نیشتمانییان وەرگرتووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی شوباتی 2024، عەمید ئەحمەد مەعمووری، بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، تا ئەمڕۆ زیاتر لە 36 ملیۆن و 714 هەزار هاونیشتمانی بوونەتە خاوەنی كارتی نیشتمانی، ئاشكرایشی كرد كە بەهۆی كارتی نیشتمانییەوە عێراق بووەتە خاوەنی داتایەكی دەوڵەمەند و فراوانی سەردەمییانە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی: "نزیكەی هەشت ملیۆن عێراقی ماون كارتی نیشتمانیان بۆ چاپ بكرێت، گوتیشی، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێك و 657 هەزار كەس كارتەكەیان بۆ دەرهێنراوە و تەنیا لە 24 سەعاتی رابردوودا 42 هەزار و 704 کارتی نوێ لە تەواوی عێراقدا بۆ هاووڵاتییان چاپکراوە".
مەعمووری دەشڵێت: "پلانێكی تری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، بەنیازن دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانی بگۆڕن و ئەوانەی تا ئێستا كارتەكەیان بۆ دەرنەكراوە، دەبنە خاوەنی چاپی رەنگاورەنگ و دیزاینی نوێی كارتی نیشتمانی".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە 19ـی ئەم مانگە رایگەیاند كە كاركردن بە بەڵگەنامە كۆنەكانی باری شارستانی تا 1ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ درێژكراوەتە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی دەرفەتێكی زیاتر بەو هاووڵاتییانە بدرێت كە تا ئێستە نەیانتوانیوە مامەڵەی كارتی نیشتمانی ئەنجام بدەن.