سەرۆکی حکوومەت: هەموو شارەکانی کوردستان پێکەوە دەبەستینەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی رێگای (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل)ـی کردەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکوەزیران خۆشحاڵیی خۆی بە کردنەوەی رێگا ستراتیژییەکە دەربڕی و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی دەڤەرەکە و هەموو هەرێمی کوردستان کرد. 

سەرۆکی حکوومەت باسی لەوە کرد، دروستکردنی ئەم رێگایە کارێکی سەخت بووە بەهۆی پڕکردنەوە و دابڕینی شاخەکان، بەڵام کۆمپانیای "نۆرس لایت" توانیویەتی بە شێوەیەکی رێک‌وپێک و بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی کارەکە جێبەجێ بکات.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی هیوای خواست، لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانن سەرجەم رێگاکانی کوردستان بەم شێوەیە دروست بکەن و شارەکان پێکەوە ببەستنەوە. هەروەها روونی کردەوە، پڕۆژەکە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران، لایەنی بازرگانی بەرەوپێش دەبات و کاتی گەشتکردنیش کەم دەکاتەوە. 

سەرۆکوەزیران هۆشداریی دایە شۆفێران و گوتی، پێویستە هاووڵاتییان بۆ سەلامەتیی خۆیان، کەسوکاریان و هاووڵاتییانی دیکەش پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکی ناوازەی رێگاکەش، مەسرور بارزانی ئەوەی خستەڕوو، لەسەر ئەم جووتسایدییە ئاهەنگی سروودی نیشتمانیی (ئەی رەقیب) دروست کراوە، بە جۆرێک ئەگەر شۆفێر لەسەر خێرایی 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕوات، راستەوخۆ گوێی لە ئاهەنگەکە دەبێت. لە کۆتاییدا هیوای خواست شۆفێران بەبێ کێشە و لەسەرخۆ ئەم تایبەتمەندییە تاقی بکەنەوە.

 

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، بەڕێزان زۆر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ کردنەوەی ئەم رێگایە جووتسایدییە، بەینی پیرمام و رێگای شەقڵاوە و ماوەران و کاوانیان و بەستنەوەی ئەم دەڤەرە بەیەکەوە کە بەڕاستی جادەیەکی و شەقامێکی یەکجار جوان و رێک‌وپێکیان دروست کردووە، هەرچەندە زۆریش سەختە ئەگەر تەماشای بکەن پڕکردنەوە و دابڕینی شاخەکان، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر جوان و رێک‌وپێک و ستانداردێکی نێودەوڵەتی دروستیان کردووە. دەستخۆشی لە کۆمپانیای "نۆرس لایت" دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە جوانە. 

هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن، نموونەیان زۆر بێت و، بتوانین هەموو رێگاکانی کوردستان بەم شێوەیە لەم ئاستە باشە دروست بکەین و شارەکانمان بەیەکەوە ببەستینەوە کە بێگومان ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، بۆ گەشتیارەکان کە سەردانی کوردستان دەکەن، بۆ بابەتی بازرگانی، کەمکردنەوەی کات، بۆ گەیاندن و پێکەوە بەستنەوەی شارەکان بەیەکەوە. ئەمانە هەمووی، یەعنی ئەم رێگایە کاریگەرییان لەسەر ئەو بابەتانە دەبێت و یارمەتی هاووڵاتییان دەدات. 

هیوادارم هاووڵاتیان چێژ لەم جووتسایدییە وەربگرن، بەڵام رێنماییەکانی هاتوچۆش لەبەرچاو بگرن، بۆ سەلامەتی خۆیان و سەلامەتی کەسوکارەکانیان و سەلامەتی هاووڵاتییانی تر، هیوادارم هەمیشە سەلامەت بن.

ئەوەی جیاوازە لەو جووتسایدییە کە هەستم پێکرد، ئاهەنگی سروودی (ئەی رەقیب) لەسەر شەقامەکە دروست کراوە بە جۆرێک ئەگەر لەسەر خێرایی 80 بڕۆی گوێت لە ئاهەنگی سروودی ئەی ڕەقیب دەبێت، کە بەڕاستی شتێکی زۆر جوانە. هیوادارم تاقی بکەنەوە، بەڵام لەسەرخۆ، ئینشائەڵڵا بەبێ کێشە و گرفت. 

پیرۆزە لە خەڵکی ئەم دەڤەرە و لە هەموو کوردستان، هەر سەرکەوتووبن، کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.