چالاکوانێکی کریستیانەکان: بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی ئێمەی زۆر نیگەران کردووە
K24 – هەولێر
نووسەر و چالاکوانێکی کریستیانەکان دەڵێت، ئەو بڕیارەی لەدادگای فیدڕالی دەرچووە جێگای داخە و ئێمەی زۆر نیگەران کردووە.
پیترۆس نەباتی، نووسەر و چالاکوانی کریستیانەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارەی لە دادگای فیدراڵی عێراق دەرچووە جێگای داخە، "ئێمە حەزمان دەکرد کورسییەکانمان زیادبکرێت.
نەباتی گوتیشی: پێشووتر لە عێراق ژمارەی کریستانییەکان دوو ملیۆن و نیو تا سێ ملیۆن کەس بوو، بەڵام ئێستا لە هەموو عێراق ناگاتە پێنج سەد هەزار.
ئاماژەی بەوەشکرد، کریستانەکان لەبەرئەوەی نەتەوەیەکی رەسەنە دەبێت نوێنەرایەتی هەبێت، "چونکە ئێمە لە ساڵی 1921 لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق نوێنەرایەتییمان لەپەرلەمانی عێراق هەبووە"، ئێستاش دادگا بێت و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوە زۆر قورسە لەسەر کریستانییەکان.
نەباتی باسی لەوەشکرد، بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی یاسایی نییە، چونکە لەساڵی 1992 کاتێک پەرلەمانی کوردستان دامەزرا 11 کورسییان بۆ پێکهاتەکان داناوە، بۆیە بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی ئێمەی زۆر نیگەران کردووە. چونکە ئەوە مافی کریستیان و تورکمانەکانە،
دەشڵێت: بۆ لە عێراق کورسی پێکهاتەکان هەبێت بەڵام لە کوردستان نەبێت، چونکە زۆرینەی کۆتاکانی عێراق لە کوردستانە، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان جێگای پێکەوە ژیانە.
بەگوتەی نەباتی: لایەنێک بێت و بیەوێت ئیرادەی خۆی زاڵ بکات و نوێنەری پێکهاتەکان لەپەرلەمان بسڕێتەوە، ئەوە جێگای داخە.
رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدڕالی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم کرایەوە.
رۆژی هەینی (23ـی شوباتی 2024) کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ناکرێت بگوترێت نوێنەری پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان نین، هەروەها پێکهاتەکان بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان لایەنە کوردییەکان.