سوپای ئەمەریکا چاودێری بالۆنێکی کردووە کە بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەیدا فڕیوە
K24 - هەولێر
سوپای ئەمەریکا نۆراد رایگەیاند، کە "بالۆنێکی بچووک"ی لە ئاسمانی ناوچەی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەیدا بینیوە.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی شوباتی 2024، لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکای باکوور (NORAD) نۆراد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رۆژی هەینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا باڵۆنێکیان بەسەر ئاسمانی باشووری رۆژئاوای ویلایەتی یوتادا بینیوە، ئاماژەی بەوەشکرد، باڵۆنەکەیان نەخستووەتە خوارەوە، بەڵکو چاودێری جوڵەکەیان کردووە. چونکە هیچ مەترسی نەبووە.
راگەیەندراوەکەی نۆراد راشیگەیاند، "بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی باڵۆنەکە، چونکە ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی دیاریکردووە کە هیچ مەترسییەک لەسەر سەلامەتی فڕۆکەوانی دروستناکات، هەروەها لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەکە دەکەین بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی فڕین."
نۆراد ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرزی باڵۆنەکە لە ئێستادا لە نێوان 43 هەزار بۆ 45 هەزار پێدایە، ئەمەش وایکردووە لە سەرووی زۆربەی فڕۆکە بازرگانیەکانەوە بێت". هەروەها سەرچاوەی باڵۆنەکە روون نەبووەتەوە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە "مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دروست ناکات."