وەزیری ناوخۆ: بنەماڵەی شەهید پێشڕەو دزەیی درێژە بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی هەولێر دەدەن

K24 - هەولێر
وەزیری ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، شەهیدکردنی پێشڕەو دزەیی وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان ساردناکاتەوە. دەشڵێت، "بنەماڵەی شەهید پێشڕەو دزەیی بەڵێنیان داوە درێژە بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانی زیاتری هەولێر بدەن".
ئەمڕۆ شەممە، 24-02-2024، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی؛ رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهیدانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر؛ بە بەشداریی کەسوکارەکانیان و بەرپرسانی حکومی و حزبی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد.
بنەماڵەی شەهید پێشڕەو درێژە بە ئاوەدانکردنەوەی هەولێر دەدەن
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "شەهید پێشڕەو دزەیی بە ستەم و ناڕەوا لە هێرشێکی مووشەکی زاڵمانەی بێ پاساو و بێ بنەما بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری هەولێر شەهید کرا. لە کاتێکدا خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی و بەسەربردنی ساتێکی ئارام بوو لەگەڵ خێزانەکەی خۆیدا".
خەونی شەهید پێشڕەو دزەیی، وەکو ئەوەی رێبەر ئەحمەد خستییەڕوو؛ "هەمیشە بەرەوپێشبردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کوردستان و شارە خۆشەویستەکەی هەولێر بوو؛ بەڵام بەداخەوە دوژمنانی ئارامی و ئاوەدانی نەیانهێشت درێژە بە خواست و خولیاکانی لەپێناو پێشکەوتنی زیاتری شار و وڵاتەکەی بدات".
بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، بنەماڵەی شەهید پێشڕەو بەڵێنیان داوە لەسەر کاروان و رێچکەی ئەو بەردەوام بن و درێژە بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانی زیاتری هەولێر بدەن.
شەهیدکردنی پێشڕەو دزەیی وەبەرهێنەرانی کوردستان ساردناکاتەوە
وەکو ئەوەی رێبەر ئەحمەد باسی کرد، "لەدەستدانی شەهید پێشڕەو دزەیی نابێتە هۆی ساردبوونەوە و ترساندنی وەبەرهێنەر، سەرمایەدار و بەڕێوەبەرانی کەرتی تایبەت لە کوردستان. هەروەها نابێتە هۆی خاوبوونەوەیان لە بەردەوامبوون لە هەماهەنگیکردن و هاوکاریکردنی کەرتی گشتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و، درێژەدان بە کاروانی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان کە مایەی ستایشی هەموومانە".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل، وەبەرهێنەران و خاوەن کاران لە هەولێر بە بیانوو و پاساوی بێ بنەما، نیشانەی لاوازی و بێ ئومێدی دەستدرێژکارانە. ئەو دەستدرێژی و ستەمە نامان وەستێنێت لە کارکردن لە پێناو بونیاتنانی ئاییندەی نشتیمانەکەمان و دەستەبەرکردنی دوارۆژێکی گەش بۆ نەوەکانمان".
سەرمایەدرا و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، "لە رۆژانی سەخت و تەنگانەدا هاوکارێکی سەرەکی حکومەت و خەڵکی کوردستان بوون". دووپاتیشیکردەوە، "هەرێمی کوردستان پشتیوان بە خوا و بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی؛ سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئالنگارییەکانیش؛ لە پێشکەوتن و سەقامگیری بەردەوام دەبێت".
هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک
بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، "هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بووە؛ رێگە نەدراوە خاکی هەرێم بۆ هەڕەشەکردن لە هیچ وڵاتێک بەکاربێت".
لەبارەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا "هەموو پابەندییەکانمان جێبەجێکردووە؛ ئەو هێرشە مووشەکییە خستنە ژێرپێی هەموو بڕگەکانی رێککەوتنەکە بوو".
رێبەر ئەحمەد لە گوتارەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی ئەو لایەنانە کرد کە "بە هێرشی مووشەکی هێرشیان کردە سەر هەولێر" و پێیانی گوت: "نە بە ئەوانەی پێش ئێوە و نە بە ئەوانەی ئێستاشتان ئیرادەی ئەم مللەتە نالەرزێت و هەر بە هێزی دەمێنێتەوە، چونکە خاوەنی بیروباوەڕێکی بەهێز و رێبەرایەتییەکی حەکیمیانەی سەر دەستی سەرۆک بارزانییە".
هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەکەی حکومەتی فیدراڵ جێگەی دەستخۆشییە
رێبەر ئەحمەد لەبارەی هەڵوێستەکەی حکومەتی فیدراڵی گوتی، "ئەوەی لە سەرەتای هێرشەکە جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشی بوو؛ هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی حکومەتی فیدراڵ بوو کە بۆ یەکەم جار بە توندی هاتنە وەڵام و رێگەی دروستی لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی یاداشتنامە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرتەبەر".
وەزیری ناوخۆ داوای لە حکومەتی عێراق کرد، "بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و شکۆی هاووڵاتییانی عێراق و سەروەری خاکی عێراق، پێداگیری بکات لەسەر هەڵوێستی خۆی و خۆڕاگر بێت تاوەکو مەرجەکانی راپۆرتی لێکۆڵینەوەی رووداوەکە جێبەجێ دەکرێت، بە پێچەوانەوە هیچ بەهایەک بۆ سەرەوەری عێراق نامێنێت".
هێرشەکەی سوپای پاسدران بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە،15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستان بوو؛ کردە ئامانج.
بەهۆی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران؛ پێشڕەو دزەیی، ژینەی کچی، بازرگانێکی عێراقی و کارگوزارێکی ماڵەکەی شەهید بوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.
عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".
هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی توندی نەرێنی لێکەوتەوە. حکومەتی عێراقیش هەر چەندە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لە دژی ئێران تۆمارکرد، بەڵام سکاڵاکەی بێ ئەنجام بوو.