شای ئەردەن سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات

K24 – هەولێر:

باره‌گای بارزانی بڵاویكرده‌وه‌، شا عەبدوڵڵای دووەم پاشای شانشینی ئەردەن سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات.

ئه‌مڕۆ (24ـی شوباتی 2024) باره‌گای بارزانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: شا عەبدوڵڵای دووەم پاشای شانشینی ئەردەن لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد و پرسە و هاوخەمیی خۆی بە سەرۆک بارزانی گەیاند بۆ کۆچی دوایی (زەکیا مستەفا بارزانی)ی خوشکی سەرۆک بارزانی.

دوێنێ هەیینی، 23-02-2024، دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، زەکیا مەلا مستەفا بارزانی، خوشکی سەرۆک بارزانی لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد.

بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پرسەی خوشکی سەرۆک بارزانی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە كاتژمێر 10:00 تاوەکو 12:00ـی پێشنیوەڕۆ و ئێوارانیش كاتژمێر 02:00 تاوەکو 05:00ـی ئێوارە لە هۆڵی تەشریفاتی بارەگای بارزانی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت.

هەر بەبۆنەی کۆچی دوایی خوشکییەوە؛ هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان بە سەرۆک بارزانی راگەیاند.

Fly Erbil Advertisment