چی روودەدات ئەگەر دیموکراتەکان هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس ببەنەوە؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەنگە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە 3ـی نۆڤەمبەردا خۆی لەبەردەم کۆنگرێسێکدا ببینێتەوە زیاتر ئامادە بێت بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی، ئەمەش لە کاتێکدا روودەدات ئەگەر دیموکراتەکان بتوانن زۆرینەی یەکێک لە دوو ئەنجوومەنەکە یان هەردووکیان بەدەست بهێنێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا، پرسی کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس بووەتە جێگەی سەرنجی ناوەندە سیاسییەکان.
بە گوتەی شارەزایان، لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکانەوە بە واتای ئەوە نایەت ترەمپ توانای جێبەجێکردنی کارنامەکەی لە ناوخۆ و دەرەوەدا لەدەست دەدات، بەڵکوو تەنیا کۆمەڵێک کۆتی نوێ دەخرێتە سەر هەندێک لە بڕیارەکانی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتووی ویلایەتەکەیدا.
کۆنگرێس دەتوانێت رێگری لە پڕۆژەیاساکان بکات و کۆنترۆڵی خەرجییەکانی حکوومەت بکات، هەروەها لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکانی ئیدارەی ئەمریکا بکات، بەڵام ناتوانێت رێگری لە سەرۆک بکات بۆ بەکارهێنانی زۆربەی دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکانی. قەبارەی ئەو کۆتانەی رووبەڕووی ترەمپ دەبنەوە، پشت بەوە دەبەستێت ئایا دیموکراتەکان ئەنجوومەنی نوێنەران، یان ئەنجوومەنی پیران (سێنات) یان هەردووکیان کۆنترۆڵ دەکەن.
ئەم دەسەڵاتانە بەتایبەتی لە سایەی شەڕی ئێران و گفتوگۆکانی تایبەت بە خەرجییە سەربازییەکان و هاوکارییە دەرەکییەکاندا کە گرنگییەکی زۆریان هەیە، ئەم دۆسیانەش کۆنگرێس دەتوانێت کاریگەرییان لەسەر دروست بکات، بەڵام تەنانەت لەو کاتانەشدا سەرۆک دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری سەربازی و دیپلۆماسیی هەیە.
سیستەمی ئەمریکی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان سەرۆک و کۆنگرێس و دادگاکانی فیدراڵی دامەزراوە، بە جۆرێک هەر دامەزراوەیەک دەسەڵاتی چاودێریکردن و سنووردارکردنی بڕیارەکانی ئەوانی دیکەی هەیە، ئەمەش بە بنەمای "چاودێری و هاوسەنگی" ناسراوە.
ئەگەر کۆمارییەکان ئەنجوومەنی نوێنەران لەدەست بدەن
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن، لەدەستدانی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسە بۆ ئاڵۆزکردنی پلانەکانی یاسادانانی ترەمپ، تەنانەت ئەگەر کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران لەدەستی پارتەکەیدا بمێنێتەوە. ئەگەر دیموکراتەکان ئەو ئەنجوومەنە کۆنترۆڵ بکەن، دەتوانن لەمپەر بخەنە بەردەم ئەو پڕۆژەیاسانەی پێویستیان بە رەزامەندیی ئەوان هەیە، بەتایبەتی پرسەکانی پەیوەست بە باج و خەرجییەکانی حکوومەتەوە.
هەروەها دەتوانن سەرۆکایەتیی لیژنەکانی ئەنجوومەنەکە بگرنە دەست و لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکانی حکوومەت بکەن، لەوانە بانگهێشتکردنی بەرپرسان و داواکردنی بەڵگەنامەکان. رەنگە ئەم لێکۆڵینەوانە دۆسیەکانی وەک بەڕێوەبردنی شەڕی ئێران، خەرجییە سەربازییەکان، سیاسەتە ئابوورییەکان یان بڕیارەکانی کۆشکی سپی سەبارەت بە کۆچبەری بگرێتەوە؛ بەڵام دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانن رێگری لە کاندیدکردنی بەرپرسانی باڵا بکەن، چونکە پەسەندکردنی وەزیر و باڵیۆز و دادوەرەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پیراندایە.
ئەگەر کۆمارییەکان ئەنجوومەنی پیران لەدەست بدەن
لەدەستدانی ئەنجوومەنی پیران ئاڵەنگارییەکی جیاواز دەبێت بۆ ترەمپ، چونکە کاریگەریی راستەوخۆ دەداتە دەست دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی پۆستە باڵاکانی نێو ئیدارە و دامەزراوە دادوەرییەکاندا. دەستووری ئەمریکا دەسەڵاتی پەسەندکردنی دادوەرەکانی دادگای باڵا و وەزیر و باڵیۆزەکانی داوە بە ئەنجوومەنی پیران. ئەگەر دیموکراتەکان ئەم ئەنجوومەنە کۆنترۆڵ بکەن، دەتوانن کاندیدەکانی ترەمپ رەتبکەنەوە یان پەسەندکردنیان دوابخەن.
هەروەها رۆڵی گەورەتریان دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی. ئەنجوومەنی پیران دەسەڵاتی پەسەندکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی هەیە بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامە ئامادەبووەکانی؛ بەڵام ئەمە رێگری لە ترەمپ ناکات بڕیاری جێبەجێکردن دەربکات یان سەرکردایەتیی هێزە چەکدارەکان بکات.
ئەگەر کۆمارییەکان هەردوو ئەنجوومەنەکە لەدەست بدەن
ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنەکە بەدەست بهێنن، ئەوا بۆ یەکەمجار لە ویلایەتی دووەمیدا ترەمپ رووبەڕووی کۆنگرێسێک دەبێتەوە ئۆپۆزیسیۆن کۆنترۆڵی کردووە. لەم کاتەدا دیموکراتەکان دەتوانن خەرجییەکانی حکوومەت وەک کارتێکی گوشار بەکاربهێنن. رەنگە ئەمە کاریگەری لەسەر جەنگی ئێران هەبێت، چونکە دەستوور دەسەڵاتی راگەیاندنی جەنگ و تەرخانکردنی پارەی سەربازیی داوە بە کۆنگرێس.
هەروەها دیموکراتەکان دەتوانن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پڕۆسەی لێپرسینەوە و لادانی ترەمپ دەستپێبکەن، بەڵام لادانی یەکجاری پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی پیران هەیە و بەدەستهێنانی ئەو رێژەیەش قورسە. لە بەرانبەردا ترەمپ مافی ڤیتۆی هەیە دژی هەر پڕۆژەیاسایەک و کۆنگرێسیش تەنیا بە دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێی هەردوو ئەنجوومەنەکە دەتوانێت ڤیتۆکە بشکێنێت.
ئێستا کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران 218 کورسییان هەیە بەرانبەر بە 214 کورسی بۆ دیموکراتەکان، لەگەڵ یەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ و دوو کورسیی بەتاڵ. لە ئەنجوومەنی پیرانیش کۆمارییەکان خاوەنی 53 کورسین و دیموکراتەکانیش 45 کورسییان هەیە لەگەڵ دوو ئەندامی سەربەخۆی هاوپەیمانیان.
دیموکراتەکان پێویستیان بە بردنەوەی چوار کورسی هەیە بۆ گەیشتن بە 51 کورسی لە ئەنجوومەنی پیران. ئەگەر ئەنجامەکە بە 50 کورسی بۆ هەرلایەک یەکسان بێت، ئەوا کۆمارییەکان زۆرینە دەبن بەهۆی دەنگی یەکلاکەرەوەی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا. گۆڕانکارییەکانیش لە 3ـی یەنایری 2027ـەوە کاریگەرییان دەبێت کاتێک کۆنگرێسی نوێ دەستبەکار دەبێت.
هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو دوو ساڵ جارێک لە نیوەی وادەی سەرۆکایەتیی سەرۆکی وڵاتدا بەڕێوەدەچێت. لەم پڕۆسەیەدا سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و نزیکەی سێیەکی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیران (کە ژمارەیان 100 کورسییە) کێبڕکێیان لەسەر دەکرێت.
لە مێژووی سیاسەتی ئەمریکادا بە شێوەیەکی گشتی ئەو پارتەی کۆشکی سپیی بەدەستەوەیە، لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا بەشێک لە کورسییەکانی کۆنگرێس لەدەست دەدات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی دەنگدەران بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ئیدارەی دەسەڵاتدار لێکدەدرێتەوە.
لە ویلایەتی دووەمی سەرۆکەکاندا زۆرجار ئەم لەدەستدانە گەورەتر دەبێت و دۆخێک دروست دەکات پێی دەگوترێت (Lame Duck) یان قازە شەلە، واتە سەرۆک دەسەڵاتەکانی لاواز دەبێت لە جێبەجێکردنی ئامانجە گەورەکانی ناوخۆیدا بەهۆی رێگرییەکانی کۆنگرێسەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەستووری ئەمریکا دەسەڵاتێکی فراوانی لە بواری سیاسەتی دەرەوە و بڕیاردان لە کاروباری سوپا داوە بە سەرۆککۆمار، بۆیە ململانێکانی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس لە ساڵانی کۆتایی دەسەڵاتی هەر سەرۆکێکدا دەگاتە لووتکە.